رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر رایگەیاند بەهۆی لافاوەکەی شەوی رابردوو رێگەی پێکبەستنەوەی سێ گوند بە یەکجاری تێکچووە و پردێکیش مەترسیی داڕمانی لەسەرە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەندازیار عیماد محەممەدئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کاتی شەپۆلەکەی شەوی رابردوودا هیچ رێگەیەکی سەرەکی لە دەرەوەی شار بە یەکجاری دانەخرا، بەڵام رێگەی گوندەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوت؛ بەتایبەت رێگەی گوندەکانی شەڕەبۆتی گەورە و شەڕەبۆتی بچووک کە رێگەی سێ گوند پێکەوە دەبەستێتەوە، بە درێژایی سێ کیلۆمەتر بە تەواوەتی تێکچووە و پچڕاوە."
بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بارانبارینی ئەمجارە پێشبینیکراو بوو، هەر بۆیە پێشوەختە چەندین جار لە پەیجی فەرمیی خۆیانەوە هۆشدارییان بە شۆفێران داوە کە لە کاتی دروستبوونی لافاودا بە هیچ جۆرێک ئەو رێگایانە بەکارنەهێنن کە نزمن، یاخود رێگەی لاوەکین و کارەبا و رووناکییان نییە.
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر پردەکان، بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر گوتی: "پردی پۆڕیجە کە قەسیسێکی درێژی زیاتر لە 280 مەتری هەیە، بەهۆی لافاوەکانی ساڵانی رابردووەوە کێشەی بۆ دروست ببوو، لەم لافاوەشدا زیانی زیاتری بەرکەوتووە و پێشبینی دەکرێت رێگاکەی بە تەواوی بپچڕێت."
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، دوای لافاوەکانی ساڵانی 2021، 2023 و 2024 کۆمەڵێک پێشنیاز و پڕۆژەی گرنگیان بۆ چارەسەری بنەڕەتیی لافاو ئاراستەی پارێزگای هەولێر کردووە، بەڵام "بەهۆی نەبوونی بودجە و کەمیی سیولەوە نەچوونەتە واری جێبەجێکردنەوە؛ تەنانەت پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆکانی رێگەی هەولێر - پیرمام بەهۆی نەبوونی پارەوە راگیراوە، ئەمەش وایکرد زیانەکان دووبارە ببنەوە."
عیماد محەممەدئەمین هۆکارێکی دیکەی کێشەکانی بۆ زیادەڕۆیی سەر رێگەوبانەکان گەڕاندەوە و گوتی: "هاووڵاتییان لە تەنیشت جۆگە و چۆکەڵەکان زیادەڕۆیی دەکەن و رەمپە دروست دەکەن، ئەوەش رێڕەوی سروشتیی ئاو دەگۆڕێت بەرەو شوێنێک کە بەرگەی ناگرێت. پڕۆژەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئامادە کردووە بۆ بنبڕکردنی زیادەڕۆیی، بەڵام ئەویش تاوەکو ئێستا نەکەوتووەتە کار."
تیمەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگە سەرەکییەکانن
دەربارەی رەوشی ئێستای رێگەوبانەکان، عیماد محەممەدئەمین باسی لەوە کرد، تیمەکانیان لە شەوی رابردووەوە لە چوار کەرتی پارێزگاکە لە ئەرکدان و بەردەوامن لە پاککردنەوەی رێگاکان لە قوڕولیتە، بەتایبەت لە پیرمام، هیران - شەقڵاوە، سپیلک، بالیسان، قەڵاسنج و گۆمەسپان. هەروەها لە سنووری گوێڕ و مەخمووریش تیمەکانیان لە ئامادەباشیدا بوون و ئێستا لە رێگە سەرەکییەکان هیچ ئاستەنگییەکی ئەوتۆ نەماوە.
شەوی رابردوو نزیک کاژێر 19:00، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین رووی لە شاری هەولێر کرد؛ بەپێی ئاماری کەشناسیی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 70 ملیمەتر باران باریوە، بەهۆی دروستبوونی لافاویشەوە منداڵێک و گەنجێک گیانیان لەدەستدا و زیانی ماددیی زۆریش بەر ماڵ، دووکان و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان کەوت.




