رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی لافاو و دۆخی ئێستای شارەکە کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان، خەمڵاندنی زیانەکان و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری لافاوەکە دەرکرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی شارەکە و ئاسەوارەکانی لافاوەکە کراوە و ئەم بڕیارانەی خوارەوە دراون:
یەکەم: پێکهێنانی ژوورێکی هاوبەش بۆ دەستبەجێ پاککردنەوەی شەقام، کۆڵان و ئەو شوێنانەی بەهۆی لافاوەکەوە قوڕ، لیتە و پاشماوەیان تێدا کۆبووەتەوە.
دووەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە مەبەستی دیاریکردنی هۆکارەکانی دروستبوونی لافاوەکە.
سێیەم: راسپاردنی بەشی قەیرانەکانی پارێزگا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ خەمڵاندن و تۆمارکردنی سەرجەم زەرەر و زیانە مادییەکانی هاووڵاتییان.
چوارەم: راسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان و رێگاوبانی هەولێر بۆ خاوێنکردنەوەی تەواوی رێگاوبانەکانی دەوروبەر و دەرەوەی شاری هەولێر.
پێنجەم: راسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری بۆ خاوێنکردنەوە و رێکخستنەوەی کەند، پرد و پۆندەکان.
پارێزگاری هەولێر سوپاسی هەموو ئەو پارێزگارانەی کردووە کە لە رێگەی پەیوەندییەوە ئامادەیی و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەر ئەرک و هاوکارییەک لەگەڵ پارێزگاکە دەربڕیوە. هاوکات سوپاسی سەرجەم تیمەکانی خۆبەخشان، دەزگا خێرخوازییەکان و ئەو هاووڵاتییانەشی کردووە کە لە کاتی رووداوەکەدا هاوکار و هەماهەنگ بوون.


