رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەهۆی بارانی زۆر و لێڵبوونی سەرچاوەکانی ئاو دابەشکردنی ئاوی خاوێن لە شاری هەولێر راگیرا، بەڕێوەبەری ئاو دەڵێت، ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و ئاو دەگاتەوە ماڵان.
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە 08-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی بارانی زۆرەوە رێژەی لێڵیی ئاو گەیشتبووە 13 هەزار (NTU) بۆیە پاڵاوتنی ئاو لە هەموو پڕۆژەکانی ئاو لە هەولێر راگیرا، ئێستا لێڵییەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە".
پلەی لێڵیی ئاوی هەولێر لە 13 هەزار (NTU) دابەزیوە بۆ چوار هەزار (NTU)، رابەر حوسێن گوتی: "ئەگەر دابەزینی پلەی لێڵیی ئاوەکە بگاتە هەزار و 200 پلە، دابەشکردنی ئاو دەست پێدەکەینەوە".
پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاو بۆ هەولێر بریتین لە پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری، ئیفرازەکانی یەک، دوو و سێ. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "روونبوونەوەی ئاوەکە بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت لە سێ کاژێری داهاتوودا دابەشکردنی ئاو دەست پێدەکاتەوە؛ بەگشتی ئەمڕۆ دابەشکردنەکە دەست پێدەکاتەوە".
نزیک کاژێر 12:00ی شەوی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوای شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ، ئاستی لێڵبوونی ئاوی رووبار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک کە لە توانای تەکنیکیی وێستگەکانی پاڵاوتندا نەماوە بۆ پاککردنەوەی ئاو و کارکردنی وێستگەکان راگیراون.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، شەوی رابردوو لە هەولێر 70 ملیمەتر باران باریوە. بارینی ئەو بڕەی باران لە شارەکە لافاوی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و دەیان ماڵ و ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوت.


