رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی گوت، سەرپێچیی شۆفێران کە لەکاتی لافاوەکەدا بەناچاریی شەقامەکانیان گۆڕیوە و کامێراکانی چاودێری تۆماریان کردوون، هەژمار ناکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، هێمن ئەمین، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی دروست بووە بەهۆی لافاوەوە، بڕیارماندا بە لێخۆشبوون لەو سەرپێچییانەی کە بە ناچاری بەهۆی لافاوەوە تۆمار کراون".
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر هەروەها گوتی: "هەموو ئەو شوێنانەی سەرپێچییان تێدا تۆمار کراوە دیارن و بەپێی بەدواداچوونی وردی تیمەکانمان دەزانین کە لەکوێ ئاو کۆبووەتەوە و لافاو دروستبووە بۆیە تەنیا ئەو شوێنانە لێخۆشبوونیان بۆ دەکرێت کە لافاویان لێ دروست بووە".
بەهۆی لافاوەکەی شەوی رابردووەوە، بەشێکی رێگەکانی شاری هەولێر ئاستەنگیی هاتووچۆیان بۆ دروستبوو و تیمەکانی شارەوانی تائستاش سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکانن.
لە لافاوەکەی شەوی رابردوودا، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان ماڵ ئاویان تێچووە، ئەمە جگە لە دەیان دووکان و شوێنی کار کە زیانیان بەرکەوتووە.



