رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی یەکشەممە، دابەشکردنی مووچەی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و لە سێ رۆژدا مووچەخۆران مووچەکەیان وەردەگرن.
تیمی (هەژماری من) ئەمڕۆ شەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکە گەیشتووەتە 1.15 ملیۆن مووچەخۆر. ئەم مانگە 1.03 ملیۆن سوودمەند مووچەکانیان راستەوخۆ لە رێگەی "هەژماری من"ـەوە وەردەگرن."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، 800 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) لە 200 شوێنی هەرێمی کوردستان دانراون.
دابەشبوونی مووچەخۆرانیش بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیەیە: 424 هەزار لە هەولێر، 384 هەزار لە سلێمانی، 197 هەزار لە دهۆک و 25 هەزار سوودمەندیش لە پارێزگای هەڵەبجە.
بەپێی داتاکانی پرۆژەکە، 400 هەزار فەرمانبەری مەدەنی، 245 هەزار پێشمەرگە و ئاسایش، 317 هەزار خانەنشین لەگەڵ 68 هەزار خێزانی شەهید مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن.
وەرگرتنی مووچە لە رێگەی (هەژماری من)ەوە لە زیادبووندایە، بە جۆرێک لە مانگی حوزەیران 836 هەزار مووچەخۆر، لە تەممووز 922 هەزار، لە ئاب 1,001,000 و لە مانگی ئەیلوولیشدا 1,016,000 لە رێگەی (هەژماری من)ەوە مووچەیان وەرگرتووە.



