رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێ، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لە هەڵوێستەکەی بەردەوامە و نەگەڕاوەتەوە سەر کار.
رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو هەواڵانەی باس لە گەڕانەوەی ئاوات شێخ جەناب بۆ پۆستەکەی دەکەن دوورن لە راستییەوە. وەزیری دارایی لەسەر هەڵوێستەکەی خۆی بەردەوامە."
سەبارەت بەو هەواڵەی کە گوایە سبەی یەکشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای بودجە سەردانی بەغدا دەکات، هونەر جەمال گوتی: "وەزارتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو سەردانە نییە و هیچ شاندێکی دارایی هەرێمی کوردستانیش سبەی ناچێتە بەغدا."
30 تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک بە رووداوی راگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دوو رۆژ پێش ئەو کاتە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش کردووە و چاوەڕوانی پەسندکردنییەتی.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوورییە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان. بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانییە.



