رووداو - رادیۆ
بەشێک لە دانیشتووانی ناحیەی کەسنەزان لە پارێزگای هەولێر نیگەرانیی خۆیان لەبارەی سەرکێشی و پێشبڕکێی خێرایی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکان لە بەشێک لە شەقامی 150 مەتری لە نزیک ناحیەی کەسنەزان دەردەبڕن. پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بەڵێنی بەدواداچوونی بەپەلە دەدات و بەڕێوەبەری ناحیەکەش رایدەگەیێنێت، پۆلیس دەستی بەسەر چەندین ئۆتۆمبێلدا گرتووە.
گۆران ئەحمەد، هاونیشتمانی دانیشتووی ناحیەی کەسنەزان، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بەشەی شەقامی 150 مەتری کە دەکەوێتە لای کەسنەزان بەهۆی نەبوونی کامێرای چاودێرییەوە، لە دوای بانگی ئێوارە و بە شەودا دەبێتە شوێنی دریفتکردن و پێشبڕکێی شۆفێران و گوتیشی: "لە ئەنجامی ئەو سەرکێشییانەدا زۆرجار ماتۆڕسوارەکان خەریکە خۆیان دەکەن بە ژێر ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانیاندا."
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر بۆ رادیۆی رووداو قسەی کرد و گوتی: "تیمەکانی هاتووچۆ ئاگادار دەکرێنەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی بەدواداچوونی ورد بە مەبەستی وەستاندنی ئەو دیاردەیە و سزادانی سەرپێچیکاران دەکەین."
هاوکات سائیب حاجی هاروون، بەڕێوەبەری ناحیەی کەسنەزان بۆ رادیۆی رووداو قسەی کرد و گوتی، رێکارەکانی ئەوان بۆ رێگری لەو دیاردەیە تەنیا لەسەر بنەمای سکاڵا نییە، بەڵکو ماوەیەکە بەردەوام یەکەکانی پۆلیس شەوانە لە کاردان.
بەڕێوەبەری ناحیەی کەسنەزان گوتیشی: "شەوانە یەکەکانمان ئامادەییان لە شەقامەکە هەیە و چەندین شۆفێری سەرپێچیکاریان دەستگیرکردوون و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلیاندا گیراوە. پرۆسەی چاودێریکردنەکەش بەردەوام دەبێت."



