رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر لە پارێزگای کەرکووک دەڵێ، هاووڵاتییەکی دانیشتووی کەرکووک بە هاوکاریی سێ کەسی دیکە دوو منداڵی خۆی رفاند، بەڵام دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە ناحیەی قەرەهەنجیر تۆمەتبارەکان دەستگیرکران و منداڵەکانیش رزگار کران.
ئەمڕۆ شەممە 07ی تشرینی دووەمی 2026 ئاوارە ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر بە رووداوی گوت، "شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک لە رووداوێکی رفاندن ئاگاداریان کردینەوە. پێم راگەیێندرا کە چوار کەس بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (نیسان ناڤارا) دوو منداڵیان لە شاری کەرکووک رفاندووە و بەرەو ناحیەی قەرەهەنجیر هەڵاتوون."
ئاوارە ئەحمەد گوتی، "دوای گەیشتنی تۆمەتبارەکان بۆ ناحیەی قەرەهەنجیر، رووبەڕووبوونەوەی چەکداری روویدا و تۆمەتبارەکان چوونە نێو گەڕەکەکانی شارۆچکەکە، بەڵام دوای کاژێرێک توانرا هەر چوار تۆمەتبارەکە، کە یەکێکیان باوکی دوو منداڵەکەیە، دەستگیر بکرێن و منداڵەکانیش رزگار بکرێن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەکە، "دوای دەستگیرکردنی چوار کەسەکە دەرکەوت یەکێک لە تۆمەتبارەکان باوکی منداڵەکانە و لە شاری کەرکووک لەگەڵ هاوژینەکەی و ماڵی خەزووریدا بووەتە شەڕیان، دواتر منداڵەکانی خۆی رفاندووە و ویستوویەتی بەرەو شوێنێکی نادیار بیانبات."
سەبارەت بەو دەنگی فیشەکانەی شەوی رابردوو لە قەرەهەنجیر بیستران، ئاوارە ئەحمەد روونی کردەوە، "دوای گەمارۆدانیان لەنێو گەڕەکەکانی قەرەهەنجیر، تۆمەتبارەکان ئامادەنەبوون خۆیان رادەست بکەن و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری روویدا، هیچ کەسێکیش بریندار نەبووە."
سەبارەت بە چارەنووسی منداڵەکان، بەڕێوەبەری ناحیەکە باسی لەوە کرد، "دوو منداڵی کوڕن و تەمەنیان سێ ساڵ و پێنج ساڵە، رادەستی کەسوکارەکەیان کراونەتەوە و دۆخی تەندروستییان جێگیرە. تۆمەتبارەکانیش رادەستی پۆلیسی کەرکووک کراونەتەوە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە."



