رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرمادا بەشێک لە هاونیشتمانییانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان روو لە کڕینی گیزەر دەکەن. خاوەن کۆمپانیایەکی دانانی گیزەر دەڵێ، پار نرخی گیزەرێکی 18 لیتری 125 بۆ 135 دۆلار بوو، بەڵام ئیستا نرخەکەی گەیشتووەتە 190 دۆلار و بەرزتریش.
ئەمڕۆ شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026 کاوە دڵشاد، خاوەنی کۆمپانیای (سەنگەر شۆپ) لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "بەشێکی بەرچاو لە هاونیشتمانییان بۆیلەرەکانیان لادەبەن و لە بری ئەوە گیزەر دادەنێنن، ئەمەیش وای کردووە نرخەکەی بەراورد بە پار بەرزببێتەوە. هۆکاری ئەو گۆڕانکارییە ئەوەیە کە هاونیشتمانییان دەیانەوێ پارەی کەمتری کارەبایان بۆ بگەڕێتەوە"
خاوەنی ئەو کۆمپانیایە گوتی، جیاوازیی بەکارهێنانەکە لەوەدایە بۆ گەرمکردنی ئاو بە بۆیلەر، کارەبا بەکاردەهێندرێ کە ئەگەر بەردەوام کاری پێبکرێ، کارەبایەکی زۆری دەوێ و بەو جۆرەش پارەی زۆر بۆ خاوەن ماڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام بۆ کارپێکردنی گیزەر، گاز بەکاردەهێندرێ کە نرخەکە گونجاوە.
بە گوتەی ئەو خاوەن کۆمپانیایە، جۆرەکانی گیزەر لە سلێمانی بەم جۆرە گران بوون:
گیزەری 9 لیتری؛ پار نرخەکەی 125 دۆلار بوو؛ ئێستا بۆ 155 دۆلار بەرزبووەتەوە
گیزەری 13 لیتری؛ پار نرخەکەی 135 دۆلار بوو؛ ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 185 دۆلار.
گیزەری 18 لیتری؛ پار نرخەکەی 130 دۆلار بوو؛ ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 185 دۆلار.
گیزەری 20 لیتری؛ پار نرخەکەی 125 دۆلار بوو؛ ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 190 دۆلار.
هەر ئەمڕۆ شەممە، دانا عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری (کۆمپانیای دانا شۆپ) لە هەولێر بە رووداوی گوت، خواستی زۆر لەو هۆکارانەیە وایکردووە نرخی گیزەر بەرزبێتەوە.
دانا عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد، "بەرزیی تێچووی گواستنەوە و گرانیی مسیش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی گیزەر هەبووە."
بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایە ئاماژەی بەوەکرد: "پێشتر نرخی کۆنتێنەرێک مس کە لە دروستکردنی گیزەردا بەکاردەهێندرێ، حەوت هەزار دۆلار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە 9 هەزار دۆلار. هاوکات، کرێی گواستنەوەکە کە پێشتر 12 هەزار دۆلار بوو، ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 16 هەزار دۆلار."
لە بارەی خواستی هاونیشتمانییان لەسەر کڕینی گیزەر، دانا عەبدوڵا گوتی: "فرۆشی گیزەر لە شاری هەولێر تەنیا لە کۆمپانیاکەی ئێمە بەراورد بە پار ٪65 بەرزبووەتەوە."
نەوزاد رەشید، هاونیشتمانی لە هەولێر بە رووداوی گوت: "پار بۆ سێ مانگی وەرزی پاییز بۆ گەرمکردنی ئاو بۆیلەرمان بەکاردەهێنا و مانگانە سەروو 100 هەزار دینار پارەی کارەبای 24 کاژێری دەهاتەوە. بەڵام لە سێ مانگی وەرزی زستاندا و دوای گیزەر تەنیا پێنج بوتڵ گازمان بەکارهێنا کە تێچووەکە 77 هەزار دینار بوو."
دانا عەبدوڵڵا دەڵێ، نرخی گیزەر لە هەولێر بەم جۆرەیە:
گیزەری 9 لیتری؛ پار نرخەکەی 125 دۆلار بوو؛ ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 145 دۆلار.
گیزەری 13 لیتری؛ پار نرخەکەی 140 دۆلار بوو؛ ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 180 دۆلار.
گیزەری 18 لیتری؛ پار نرخەکەی 140 دۆلار بوو؛ ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 190 دۆلار.
گیزەری 20 لیتری؛ پار نرخەکەی 135 دۆلار بوو؛ ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 200 دۆلار.
هەر ئەمڕۆ شەممە، محەممەد هێڤار، خاوەنی (پێشانگای هێڤار) لە سلێمانی و هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کاریگەری لەسەر نرخ بۆ هاونیشتمانییان هەیە، چونکە پار نرخی گیزەرێک 149 دۆلار بوو و بە نرخی بانکی ناوەندی دەیکردە 196 هەزار دینار؛ ئێستا هەمان گیزەر بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق نرخەکەی گەیشتووەتە 235 هەزار دینار."



