رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی رابردوو شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین کەرکووکی گرتەوە. شارەوانیی کەرکووک دەڵێ، لافاو لە چەند گەڕەکێک دروستبوو و چەند خانوو و دووکانێکیش زیانیان بەرکەوت.
ئەمڕۆ شەممە 07ی تشرینی دووەم عەدنان رەشید، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی کەرکووک بە رووداوی گوت، "پێشتر هۆشداریمان دابوو لە دەستپێکردنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و سەرجەم تیمەکانی شارەوانی و بەرگریی شارستانیی خرابوونە ئامادەییەوە."
عەدنان رەشید گوتی، "بەهۆی زۆری بارانەکەوە لافاو لە چەند گەڕەکێکی شارەکە دروستبوو و ژمارەیەک دووکانیش لە گەڕەکەکانی رەحیماوا و شۆراو ئاویان تێچوو."
ئەو بەرپرسەی شارەوانی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، "تیمەکان بەردەوامن لە پاککردنەوەی گەڕەکەکان و ئەو خانوو و دووکانانەی ئاویان تێچووە؛ هاوکات هەڵمەتێکی فراوان بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکان دەستیپێکردووە."
عەدنان رەشید گوتی، "تیمەکان سەرقاڵ دیاریکردنی قەبارەی زیانەکەن، بەڵام دەزانین ژمارەیەکی زۆر خانوو و دووکان ئاویان تێچووە."



