رووداو دیجیتاڵ
لە چیای هەڵگورد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پێنج هاونیشتمانی کە بۆ شاخەوانی چوونەتە چیاکە، ون بوون و چارەنووسیان نادیارە. بەرگریی شارستانی دەڵێت، لە چیاکە بەفر دەبارێت و گەڕان بەدوایاندا دەستیپێکردووە.
رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حەوت شاخەوان لە چیای هەڵگورد کەمپیان داناوە، پێنجیان دەرچوون و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە و ئێستا چارەنووسیان نادیارە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، دوو لە شاخەوانەکان ناونیشانێکیان بۆ ناردوون کە دوایین جار پێنج هاوڕێکەیان ناردوویانە، نازانن دوای ئەوە شوێنیان گۆڕیوە یان لە هەمان شوێنن.
شاخەوانەکان خەڵکی پارێزگەی دهۆکن و بۆ گەشتی شاخەوانی چوونەتە چیای هەڵگورد.
بەرگریی شارستانیی سۆران، پێنج تیمی بەڕێکردووە بۆ شوێنی شاخەوانەکان، رەوەند مەغدید گوتی، لانیکەم سێ کاژێریان دەوێت تاوەکو بگەنە شوێنەکە؛ کە ناشزانن شاخەوانەکان لەو شوێنەن یان نا.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی: "بەفر باریوە و بەردەوامە، تەمێکی زۆریش هەیە، رەنگە ئەوە هۆکار بووبێت بۆ ونبوونیان".
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە چارەنووسی ئەو پێنج شاخەوانە نادیارە، رەوەند مەغدید گوتی، مۆبایلی شاخەوانەکان داخراوە و ناتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن.


