رووداو دیجیتاڵ
کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکانی سۆران کوژایەوە. بەڕێوەبەری کارەبای سۆران دەڵێت، هیچ کێشەیەک نییە و رۆژانە لە کاژێر چوار بۆ هەشتی شەو کارەبا دەکوژێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 05ـی تشرینی دووەم، ئەردەوان ئیبراهیم، بە رووداوی راگەیاند: "کوژاندنەوەی کارەبا لە سنوورەکە پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی مێگاواتەوە هەیە، مانگێکە رۆژانە چوار کاژێر کارەبا دەکوژێتەوە."
ئەردەوان ئیبراهیم گوتی، "رۆژانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کاژێر چواری دوای نیوەڕۆوە بۆ هەشتی شەو کارەبای نیشتمانی دەکوژێتەوە و موەلیدە ئەهلییەکان کارەبا دەدەن."
سەبارەت بە هۆکاری کوژاندنەوەی کارەبا لەو کاتەدا، بەڕێوەبەری کارەبای سۆران روونی کردەوە، "کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا و چاکسازییەکانی کۆمپانیای (دانەگاز) لە کۆرمۆر هۆکاری سەرەکین." باسی لەوەش کرد، "لەگەڵ تەواوبوونی چاکسازییەکانی (دانەگاز) پێدانی کارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە."
بەگوێرەی داتاکانی کارەبای سۆران، ئیدارەی سۆران پێویستی بە 100 مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام بەهۆی چاکسازییەکانی دانەگاز و بەرهەمهێنانی کارەبا بڕەکەی کەمبووەتەوە بۆ 75 بۆ 80 مێگاوات کارەبا.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر کوژایەوە، (پرۆژەی رووناکی)ـیش لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەهۆی بەردەوامیی کارەکانی پرۆژەی رووناکی لە بەستانی پێوەری زیرەک و کارەکانی سازدانەوەی تۆڕی کارەبایە، کاژێر پێنجی ئێوارە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."


