رووداو دیجیتاڵ
ئەم وەرزەی بارین، یەکەم بەنداوی هەرێمی کوردستان سەرڕێژ بوو، کە بەنداوی باوەشاسوارە لە سنووری قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان. گوتەبێژی کشتوکاڵی ناوچەکە دەڵێ، بەنداوەکە خۆی ئاوی تێدابووە بۆیە زوو سەرڕێژ بووە.
بەنداوی باوەشاسوار توانای گلدانەوەی شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، ساڵانە لە وەرزی بارانباریندا پێش زۆرینەی بەنداوەکانی دیکە سەرڕێژ دەبێت و بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە باراناو و کانیی سنوورەکە دەبەستێت، بەتایبەت گوندەکانی بەکرە شەل و ئۆمەربل.
ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەمڕۆ هەینی 06-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری کفری تەنیا شەش ملیمەتر باران باریوە، بەڵام هۆکارێکی سەرەکیی سەرڕێژبوونی بەنداوەکە ئەوەیە شەوی رابردوو لە سنووری سەنگاو و گوندەکانی دەوروبەری بارانی زۆر باریوە و گەیشتووەتە بەنداوەکە".
بەنداوی باوەشاسوار سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قەزای کفری و ناحیەکانی قەرەتەپە و جەبارەیە، هەروەها 13 هەزار دۆنم زەوی بەهۆی بەنداوەکەوە بووەتە بەراو و جووتیاران سوودی لێ دەبینن.
گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان گوتی، دەرچەی ژێرەوەی بەنداوەکە ئەم ساڵ بە داخراوی ماوەتەوە و نەکراوەتەوە، واتا بەنداوەکە ئاوی باشی تێدا بووە و هۆکار بووە بە زوویی سەرڕێژ بکات.
وەرزی بارانی پێشوو کە کۆتاییەکەی کەوتە ئەم ساڵەوە، جگە لە بەنداوی بچووک و گۆمە دەستکردەکان، دوو لە بەنداوە گەورەکان سەرڕێژ بوون؛ ئەوانیش بەنداوی دەربەندیخان کە سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدرابووەوە و بەنداوی دهۆک کە زیاتر لە 50 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدرابووەوە، هەروەها بەنداوی دووکانیش نزیک بووەوە لە پڕبوون.
بە گوێرەی ئاماری فەرمی حکومەت لە هەرێمی کوردستان 25 بەنداو و 178 پۆند (گۆمی دەستکرد) هەن و ساڵانە ئاویان تێدا گلدەدرێتەوە، هەروەها پلانی دروستکردنی 11 بەنداو و 58 گۆمی دەستکردی چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.


