رووداو دیجیتاڵ
رێبین محەممەد حاجی مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە کاتی چوونە ژوورەوەی بۆ باڵەخانەی پەرلەمان بە رووداوی راگەیاند، بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان هاتوون و لەنێو هۆڵەکەدا دەردەکەوێت کە رێژەی یاسایی دەستەبەر دەبێت یان نا.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.لە کاتی رۆیشتنی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان، رێبین محەممەد حاجی مەحموود بە پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەوێ بۆمان دیار دەبێت کە نیساب تەواو دەبێت یان نا."
لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رۆژنامەنووسان، رێبین محەممەد حاجی مەحموود ئاماژەی بە ئامانجی بەشداریکردنیان کرد و گوتی: "دوو ساڵە داوا دەکەین پەرلەمان کارا بکرێتەوە، با بڕۆینە ئەوێ بزانین بەرنامەکان چۆنن، ئێمە گەشبینین و بۆ ئەوە هاتووین پەرلەمان کارا بکرێتەوە."
دوێنێ دوای بانگهێشتی پەرلەمان رێبین محەممەد واژۆی ئامادەبوونی خۆی پێشکێشی پەرلەمان کرد.
ئەم هەواڵەنە لە کاتێکدان کە ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ لە بە کراوەیی مانەوەی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم، بە مەبەستی کاراکردنەوەی و تەواوکردنی بڕگەکانی دانیشتنەکە دەرگاکانی واڵا کردووە، بەڵام لایەنە سەرەکییەکان بەسەر بەشداریکردن و بایکۆتدا دابەش بوون و چارەنووسی تەواوبوونی نیسابی یاسایی (50+1) لەنێو هۆڵەکەدا یەکلا دەبێتەوە.



