رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هەولێر بەردی بناخەی قۆناخی دووەمی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس بە تێچووی 579 ملیۆن دۆلار دادەنرێت. پڕۆژەکە کێشەی بۆنی ناخۆش و ئاوەڕۆی دەیان گەڕەک چارەسەر دەکات و مەترسیی لافاو کەمدەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەکە تەنیا لایەنێکی ژینگەیی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی تەندروستی و کۆمەڵایەتییە و، ئاستی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە کەمدەرامەتەکان باشتر دەکات، هاوکات رێگە دەدات ئاوی بەکارهاتوو دووبارە بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی بەکاربهێنرێتەوە.
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵیی (ئاوزان)ـەوە لەسەر رووبەری 56 دۆنم زەوی لە رۆژئاوای (عارەب کەند) جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەکە لە چی پێکدێت؟
پێکهاتەی سەرەکیی ئەم پڕۆژە، دروستکردنی وێستگەیەکی چارەسەرکردنی ئاوی قورسە کە رۆژانە توانای پاڵاوتن و چارەسەرکردنی 210 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەشێکی دیکەی کارەکان بریتییە لە راکێشانی هێڵی سەرەکیی گواستنەوەی ئاوەڕۆ بۆ وێستگەکە بە درێژایی 21930 مەتر بە بۆڕیی گەورەی تیرە 2800 ملم و 1500 ملم، کە لە رێگەی شەش دەرچەی سەرەکیی سەر شەقامی 120 مەترییەوە ئاوی قورس کۆدەکاتەوە و بەرەو وێستگەکەی دەبات.
وێستگەکە کۆتایی بە کێشەی ئاوەڕۆی ئەو ناوچانە دەهێنێت کە پێشتر دەڕژانە سەر چەمی عارەب کەند یان کەناڵی کۆنی بنەسڵاوە و رێگەی کەرکووک و مەخموور.
ئەو گەڕەکانەی زۆرترین سوودمەند دەبن:
ناوچەی گردجووتیار و بنەسڵاوە: گەڕەکی گردجووتیار کە پێشتر ئاوەڕۆی چەندین گەڕەکی بەسەردا دەڕۆیشت و کێشەی بۆنی ناخۆش و مێرووی هەبوو، لەگەڵ کەرتەکانی بنەسڵاوە کە ئاوەڕۆکەیان دەبەسترێتەوە بە هێڵی سەرەکییەوە.
باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی هەولێر: گەڕەکەکانی ژین، کوران (کۆن و نوێ)، لەگەڵ بەشە کەمدەرامەتەکانی کەرتی رۆشنایی و رۆشنبیری کە بەهۆی نزمایی شوێنەکانیان تووشی گرفت دەبوون.
حەسارۆک و ناوچەی پیشەسازیی بنەسڵاوە: کەرتە نزمەکانی حەسارۆک و ناوچەی پیشەسازیی بنەسڵاوە، کە پێشتر ئاوەڕۆکەیان بە کراوەیی دەچووە دۆڵی عارەب کەند، راستەوخۆ دەبرێتە نێو وێستگەکەوە.
گوندەکانی دەوروبەری عارەب کەند و قوشتەپە: پێشتر ئاوی قورسی هەولێر بەبێ چارەسەر بەناو زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەم دەڤەرەدا تێپەڕ دەبوو و بووبووە هۆی پیسبوونی ژینگە؛ پڕۆژەکە ئاوی ژێرزەوی و زەوییەکانیان دەپارێزێت.
پارێزگاری هەولێر گوتی، بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، رێڕۆ کراوەکانی ئاوەڕۆ لەنێوان گەڕەکەکاندا نامێنن کە هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی پێست و کۆلێرا بوون.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، راکێشانی ئەو هێڵە سەرەکییە گوشاری سەر تۆڕەکانی ئاوەڕۆ لە ناوخۆی شار کەمدەکاتەوە و مەترسیی لافاو لە وەرزی بارانباریندا کەمتر دەبێتەوە، جگە لەوەی رێگری دەکات لە پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی و ئەو بیرانەی هاووڵاتییان لە کاتی کەمئاویدا پشتیان پێدەبەستن.



