رووداو دیجیتاڵ
لە دەمەقاڵێی نێوان دوو کەس لەسەر کێشەی قەرز لە شاری دهۆک، کەسێکیان گولـلە لە دەمانچەکەی دەرچوو و قاچی خۆی بریندار کرد. پۆلیس دەڵێ، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
رۆژی سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی کێشەیەکی پەیوەندیدار بە پارە و قەرزەوە، دەمەقاڵێ لە نێوان دوو هاونیشتمانیی دانیشتووی دهۆک دروستبوو".
رووداوەکە ئەمڕۆ کاژێر 12:30ـی پاشنیوەڕۆ لە نزیک هۆتێل رێکسۆس لە شاری دهۆک روویداوە. پۆلیس دەڵێ:"لە کاتی دەمەقاڵێکەدا یەکێک لە هاونیشتمانییەکان بۆ مەبەستی ترساندن هەوڵی داوە دەمانچەکەی بەکاربێنێت، بەڵام گولـلەیەک لە دەمانچەکەی دەرچووە و بەر قاچی خۆی کەوتووە و لە ئەنجامدا بریندار بووە".
دوای رووداوەکە، کەسی دووەم راستەوخۆ چووەتە بنکەی پۆلیسی خەبات و هێزەکانی پۆلیسی لە رووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە. هێمن سلێمان گوتی، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکار و وردەکاریی رووداوەکە دەستیپێکردووە و تەندروستی برینداریش باشە.
پۆلیسی دهۆک گوتی:"لە رووداوێکی دیکەیشدا کە درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەکی خەباتی شاری دهۆک روویدا، دوو گەنج بە چەقۆ لە لایەن سێ کەسی دیکەوە بریندار کران."
دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی پۆلیس، دەستبەجێ بەدواداچوون دەستیپێکرد.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە و رێکارە یاساییەکان، هێمن سلێمان ئاماژەی بەوە کرد: "هەر پێنج کەسەکە خەڵکی شاری دهۆکن و تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە روون نییە. بەڵام بەپێی راپۆرتی پزیشکی دەرکەوتووە کە تۆمەتبارەکان پێشتر کحوولیان خواردووەتەوە و لەژێر کاریگەریی خواردنەوەکەدا ئەو دوو کەسەیان بریندار کردووە."


.jpg&w=3840&q=75)