رووداو دیجیتاڵ
بەرێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر دەڵێت ئەو هاوبەشانەی
ماڵەکانیان چۆڵە و کارەبای نیشتیمانی بەکارناهێنن، پێویستە سەردانی فرۆشیاری وزەی
ناوچەکەیان بکەن، بۆ ئەوەی خەرجی کارەبا بە خەمڵاندن بۆیان هەژمار نەکرێت.
ژمارەیەک لە هاوبەشانی کارەبا لە هەولێر لە رێگەی هێڵی گەرمیی
رووداوەوە گلەیییان لە هەژمارکردنی خەرجی کارەبا کردووە، لە کاتێکدا دەڵێن کارەبای
نیشتیمانیان بەکارنەهێناوە.
جەمال ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکی سەیداوەی هەولێر، بە ڕووداوی
گوت:" ماوەی زیاتر لە 5 مانگە پێوەری کارەبای نیشتیمانیم کوژاندووەتەوە
خانووەکەشمان چۆڵە کەسی تێدا ناژیت بەڵام هەموو مانگێک بڕێک پارەمان بۆ دێتەوە.
ئەو هاوبەشەی کارەبا گوتی چەندین جار سەردانی بەرێوەبەرایەتی
فرۆشیاری وزەی دووی کردووە، بەڵام نەیانتوانیوە کێشەکەی چارەسەر بکەن.
کەمال عەساف، بەرێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر، بە
هێڵی گەرمیی تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت:" هەر هاوبەشێکی کارەبا سوود لە کارەبای
نیشتیمانی وەرنەگرێت و بەکاری نەهێنێت، پێویستە بەپێی سنووری جوگرافیی گەڕەکەکەی سەردانی
فرۆشیاری وزەی یەکەم یان دووەم بکات.
عەساف هەروەها رایگەیاندووە بەرێوەبەرایەتییەکانیان
ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئەو هاوبەشانەی سوود لە کارەبای نیشتیمانی
وەرناگرن، بۆ ئەوەی خەرجی کارەبایان بە خەمڵاندن بۆ هەژمار نەکرێت.
بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای هەولێر،
تا ئێستا 600 هەزار هاوبەش کارەبای نیشتیمانی بەکاردەهێنن و کارەباکەیان لە رێگەی
سیستەمی نوێی پڕۆژەی رووناکییەوە پێدەدرێت.


