رووداو دیجیتاڵ
دوای کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، خشتەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گۆڕانکاری تێدا کرا و کاتی کارپێکردنیان بۆ نزیکەی 15 کاژێر لە رۆژێکدا زیاد کرا.
رۆژی سێشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2026 هەکار هروری، نوێنەری ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکان لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارەکە دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنەکەیان لەگەڵ لیژنەی باڵای موەلیدەکان لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ درا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاونیشتمانییان.
هەکار هروری دەڵێ، موەلیدەکان لە رۆژانی یەکشەممە تاوەکو پێنجشەممە بەیانیان لە کاژێر 07:00 تاوەکو 09:00 کار دەکەن، دواتر دەکوژێندرێنەوە و لە کاژێر 01:00ی دوای نیوەڕۆوە دەستپێدەکەنەوە تاوەکو 02:00ی شەو کارەبا دەدەن.
بە گوتەی نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکان، لە رۆژانی هەینی و شەممەدا کە پشووە، موەلیدەکان لە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ تاوەکو 02:00ی شەو بە بەردەوامی کار دەکەن.
لەبارەی کۆمەڵگە و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیش بڕیار دراوە سیستمی کارکردنیان 24 کاژێری بێت و پێویستە لە هەر کاتێکدا کارەبای نیشتمانی بڕا، راستەوخۆ موەلیدەکان کارەبا بۆ دانیشتووانیان دابین بکەن.
لە هەرسێ پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجەش خشتەی نوێ بۆ کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان دانراوە.



