رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، 90%ـی ئەو شوێنانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتبوو پاککراونەتەوە و تیمی قەیرانەکانیش بەپێی ستانداردی جیهانی نیوەی فۆرمی خەمڵاندنی زیانەکانیان پڕکردووەتەوە؛ لەبارەی قەرەبووکردنەوەش ئاماژە بەوە دەکات: "راشکاوانە دەڵێم کەس چاوەڕێی 100% قەرەبوو نەبێت."
رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا وردەکاریی دۆخی شارەکە دوای لافاوەکەی ئەم دواییە، پرسی قەرەبووکردنەوە، کێشەی بودجە لەگەڵ بەغدا و دۆخی کارەبا و گازی خستەڕوو.
پارێزگاری هەولێر لەبارەی لافاوەکەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، پێشوەختە پێشبینی و ئامادەکارییان کردبوو و تیمەکان بەوپەڕی چالاکییەوە لە شەقامەکان کاریان کردبوو؛ گوتیشی: "بەداخەوە دوو هاونیشتمانیمان گیانیان لەدەستدا، بەڵام تیمەکانمان توانیان زیاتر لە 100 هاووڵاتی لە لافاو و خنکان رزگار بکەن."
لەبارەی پاککردنەوەی پاشماوەی لافاوەکە، ئومێد خۆشناو باسی لەوە کرد کە "90%ـی شوێنەکان بە تەواوی پاککراونەتەوە، ئەو بەشە کەمەیشی ماوە، سبەی یان دووسبەی کۆتایی پێدێ. هاوکات خەڵکێکی زۆریش خۆبەخشانە هاوکارییان کردووە و یارمەتییان راستەوخۆ بردووەتە ماڵەکان."
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانەکان، پارێزگاری هەولێر دەڵێ، تیمی قەیرانەکان بە ستانداردی نێودەوڵەتی خەریکی تۆمارکردنی زیانەکانن و تاوەکو ئێستا 50%ـی فۆرمەکان پڕکراونەتەوە.
لەبارەی بەدەستهێنانی بودجەی فریاگوزاری لە بەغدا گوتی: "دوێنێ کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوو، چەندین دیداری گرنگی ئەنجامدا و ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێزیان قسەمان کرد. یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان بودجەی فریاگوزاری بوو کە لە ساڵی 2004ـەوە بەشەبودجەی کوردستان بە زیاد و کەمەوە بڕدراوە، بەڵام هاوکاریمان نەکراوە."
ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کرد کە "لە لافاوەکەی ساڵی 2021 لەسەردەمی کابینەکەی سوودانی بڕیاردرا بە دوو ملیار دینار هاوکاریمان بکەن، بەڵام ئێمە ئەو بڕەمان رەتکردەوە، چونکە شایستەی قەبارەی زیانەکان نەبوو. چاوەڕوانی ئێمە لە کابینەی عەلی زەیدی ئەوەیە کە بە شێوازێکی جیاوازتر مامەڵە بکات و بەشێک لە شایستە داراییەکانمان بۆ دابین بکات. دوای تەواوبوونی دیاریکردنی قەبارەی زیانەکان، راپۆرتەکە دەدرێتە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەویش رەوانەی بەغدای دەکات. ئەوەی بەغدا بینێرێت وەردەگیرێ و ئەوی دیکەشی دەمێنێتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕی دەکاتەوە."
هاوکات لەبارەی بڕی قەرەبووەکەوە رایگەیاند: "کەس چاوەڕێی ئەوە نەکات 100% قەرەبوو بکرێتەوە. قەرەبووکردنەوە بەپێی ئەو بڕە دەبێت کە دیاری دەکرێ و هەموو زیانلێکەوتووان وەک یەک نابن، چونکە هەیە تەنیا خانووی زیانی بەرکەوتووە، هەیە ئۆتۆمبێل و کەلوپەل و خانووەکەیشی پێکەوە لەدەستداوە. تاوەکو ئێستاش کەمپینی فەرمیمان رانەگەیاندووە، بەڵام ئەگەر بەغدا یارمەتیمان نەدات و ناچار بین، دوای تەواوبوونی کاری لیژنەکان کەمپین رادەگەیێنین."
لە وەڵامی پرسیاری هۆکاری دروستبوونی لافاوەکە، پارێزگاری هەولێر گوتی: "ئێستا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەداین، بەڵام بەشی زۆری هۆکارەکە پەیوەندی بە بارینی بارانی زۆر و بەخوڕ بوو لە کاتێکی زۆر کەمدا. بۆ نموونە لە پشت دارەتوو زیاتر لە 120 ملیمەتر باران باری. لەم ساڵانەی دوایدا گۆڕانی کەشوهەواش زۆر خێرا بووە."
ئومێد خۆشناو باسی لە فراوانکردنی ژێرخانی هەولێر کرد و گوتی: "دوای لافاوەکەی ساڵی 2021 لێکۆڵینەوەمان کرد و دەستمان بە چەندین پڕۆژە کرد. تاوەکو ئێستا نزیکەی 30%ـی ئەو پڕۆژانە جێبەجێ کراون و مەترسییەکانی لافاو بەراورد بە ساڵی 2021 زۆر کەمتر بوونەتەوە. پێش ساڵی 2021 ژێرخانی هەولێر توانای بەرگەگرتنی سەرووی 10 ملیمەتر بارانی نەبوو، بەڵام پار 30 ملیمەتر لە کاژێرێکدا باری و هیچ رووینەدا. ئێستا دەتوانین بڵێین تواناکەمان بۆ 30 ملیمەتر بەرزکردووەتەوە و دەشتوانین بەرزتری بکەینەوە."
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، هەر لایەنێک بەرپرسیار و کەمتەرخەم بێت لەم رووداوە، ئینجا بەرپرسیاریێتی حکومەت بێت یان فەرمانگەیەک، یان پارێزگار و وەزیر بێت، یان تەنانەت ئەو کەسانەی پڕۆژەیان کردووە، ناوەکانیان بۆ رای گشتی رادەگەیێندرێت، رێکاری یاسایی و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."
لەبارەی کێشەی کارەبا دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، ئومێد خۆشناو باسی لەوە کرد: "قەت کارەبای هەولێر هێندە کەم نەبووە. دوێنێ بەهۆی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرایە سەر کۆرمۆر، پشکی هەولێر تەنیا 190 مێگاوات بووە. سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن، بەڵام چارەسەرکردنی کات دەخایەنێت و بە بڕوای من وا زوو چارەسەر نابێت، چونکە زیانی گەورە بەر کێڵگەکە کەوتووە و ئەوانیش داوای گەرەنتی دەکەن."
پارێزگاری هەولێر روونیکردەوە کە بەهۆی ئەو دۆخەوە دوێنێ بە ناچاری خشتەیەکی نوێیان بۆ کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان دیاری کردووە تاوەکو بەپێی وەرزەکە کارەبا بە هاووڵاتییان بدەن.
سەبارەت بە گازی ماڵان، ئومێد خۆشناو دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "گازی ماڵان کەم نابێتەوە. تاوەکو مانگێکی دیکە توانای دابینکردنی گازی ماڵانمان هەیە و لەو رووەوە هیچ قەیرانێک دروست نابێت."



