رووداو دیجیتاڵ
کارەکانی دروستکردنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی 150 قەرەوێلەیی شێرپەنجە لە هەولێر 70%ـی تێپەڕاندووە و پڕۆژەکە چووەتە قۆناخی کۆتایی. پارێزگاری هەولێریش رایدەگەیێنێت، زۆر زووتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئومێد خۆشناو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارەکانی نەخۆشخانەکە زۆر بە خێرایی بەڕێوەدەچن و زۆر زووتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو دەبێت."
هاوکات پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە کە بەردی بناخەکەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دانراوە، 70%ـی کارەکانی جێبەجێکراوە و لە ئێستادا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.
بەپێی راگەیێندراوەکە، نەخۆشخانەکە بە شێوازێک دیزاین کراوە کە رۆژانە توانای پێشوازیکردنی 1000 نەخۆشی لە بەشی راوێژکاریدا هەبێت، هاوکات سەرجەم پشکنینە پێشکەوتووەکان و هەموو جۆرەکانی چارەسەر لەخۆدەگرێت، وەک: چارەسەری کیمیایی، تیشکی ناوەکی و سەنتەری تیشکی پێشکەوتوو (لیناک).
هەروەها نەخۆشخانەکە پێکدێت لە هۆڵەکانی نەشتەرگەری، بەشەکانی خەواندن و بەشی فریاکەوتنی پێشکەوتوو. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، چاوەڕوان دەکرێت کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و پێویستیی هاووڵاتییان بۆ چوونە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
لە ئەیلوولی ساڵی 2024، بەردی بناخەی نەخۆشخانەی شێرپەنجە بە توانای 150 قەرەوێلە لە هەولێر لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دانرا.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، باڵەخانەی سەرەکی و رووپۆشی نەخۆشخانەکە تەواوبووە و ئێستا کار لە بەشی ئەلیکترۆمیکانیکیدا دەکرێت کە قۆناخی کۆتایی جێبەجێکردنە.



