رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ شەو لە شاری سلێمانی کچێک لەلایەن باوکییەوە کوژرا و پۆلیس دەستگیرکردنی باوکەکەی راگەیاند. سەندیکای رۆژنامەنووسان و رێکخراوێکی داکۆکیکار لە ژنان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی ناوزڕاندنی رۆژنامەڤانانی ژن لەلایەن پەیجە سێبەرەکانەوە بڵاوکردەوە.
چیرۆکەکە چۆنە؟
دوای ئەوەی دوێنێ شەو باوکێک کچەکەی خۆی بە گوللـە کوشت، لە چەندین پەیجی سۆشیال میدیا وا بڵاوکرایەوە کە دوو کچی دیکەی میدیاکاری شاری سلێمانی دەستیان لە کوشتنی ئەو کچەدا هەبووە.
رۆژی سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ شەو لە شاری سلێمانی کچێک لەلایەن باوکییەوە کوژرا، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەکە و تۆمەتبارەکە (باوکی) دەستگیرکرا."
ئەو کچە ناوی (کیژان بورهان) و لەدایکبووی ساڵی 1996ـە. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە.
ئێستاش پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە بۆ زانینی چۆنییەتی رووداوەکە بەردەوامە.
سەندیکای رۆژنامەنووسان: پەیجە سێبەرەکان دەیانەوێ ناوی ژنانی میدیاکار بزڕێنن
ئەمشەو لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و رێکخراوی راگەیاندن و رووناکبیریی ژنان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی کوشتنی ئەو کچەیان کرد، هاوکات ناڕەزایەتیی تووندی خۆیان بەرامبەر بڵاوکراوەی بەشێک لە میدیا و پەیجە سێبەرەکان دەربڕی.
لە بەشێکی راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە: "بە تووندی ناڕەزایەتیی خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەو رەفتارە نەشیاو و نەگونجاوەی لە هەندێک میدیای نابەرپرس و سێبەرەوە کرا، کە بە بێ گوێدانە رێکاری یاسایی و بڕیاری کۆتایی لایەنە بەرپرسەکان مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەکەدا کرد. ئەم هەڵسوکەوتەی نواندیان دەچێتە خانەی ناشیرینکردن و ناوزڕاندنی کچانی میدیاکار و ناوبانگی شاری سلێمانی."
هەردوولایەن ئاماژەیان بەوە کردووە، یاسا و دەزگا دادوەرییەکان تاکە لایەنی فەرمین بۆ یەکلاییکردنەوەی هەر کەیسێک، نەوەک پەیجە سێبەرەکان کە بە گوتەی ئەوان، کار بۆ تێکدانی رەوتی دادگایی دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکەن: "بەپێی ئەو بنەمایەی کە (تۆمەتبار بێتاوانە تاوەکو ئەو کاتەی دادگا بڕیاری کۆتایی دەدات)، لە ژنان و رۆژنامەنووسانی خۆمان دەڕوانین و کار بۆ سزادان و ئاشکراکردنی ئەو دەستانە دەکەین کە لە بۆسەی غەدر و ناوزڕاندندان."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا داوای داخستنی ئەو پەیجانە کراوە و ئاماژە بەوە دراوە: "تاوەکو لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بەردەوام بن، تۆمەتبارکردنی هەر کەسێک لە لایەن پەیجەکانەوە هیچ بنەمایەکی یاسایی نابێت."


.jpg&w=3840&q=75)

