رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دانیشتووانی سنووری دۆڵی ئالانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر گلەیی لە خراپیی دۆخی کارەبای نیشتمانی دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک رۆژ تەنیا دوو تاوەکو چوار کاژێر کارەبایان هەیە.
ئەحمەد محەممەد، دانیشتووی گوندی تاراوە لە سنووری دۆڵی ئالانە، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، دوو ساڵە دۆخی کارەبایان زۆر خراپە و سەرەڕای بەستنی پێوەری زیرەک و نەبوونی موەلیدەی ئەهلی لە ناوچەکەیاندا، دۆخی کارەبای گوندەکانیان بێزاری کردوون.
لە بەرامبەردا مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، خشتەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەپێی بەرنامەی کۆنترۆڵی ناوەندی لە هەولێرەوە دیاری دەکرێ و هیچ جیاوازییەک لە نێوان فیدەرەکان و ناوچەکاندا ناکرێ.
قایمقامی خەلیفان ئەوەشی روون کردەوە کە کەمبوونەوەی کارەبا لە هەندێک کاتدا رەنگە پەیوەندی بە چاککردنی هێڵەکان یان گرفتێکی تەکنیکییەوە هەبێت کە شتێکی کاتییە، نەوەک ئەوەی رۆژانە تەنیا دوو کاژێر کارەبا بدرێت.
قایقمامی خەلیفان گوتیشی: "ئەگەر دانیشتوانی ئەو گوندانە هەر گرفتێکیان هەیە با پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ بەدواداچوونی راستەوخۆ تاوەکو بۆیان چارەسەر بکرێ".


