رووداو - رادیۆ دانیشتووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "دیلان سیتی 2" لە شاری سلێمانی، نیگەرانن لە زیادکردنی پارەی خزمەتگوزاری و خستنەسەری پارەی کارەبای گشتیی پڕۆژەکە؛ بەڕێوەبەرایەتیی پڕۆژەکەش دەڵێت، بەپێی رێنماییەکانی کارەبا، ئەو خەرجییە لە ئەستۆی هاوبەشانە و زیاتر لە 100 ملیۆن دینار قەرز کەڵەکە بووە. دانیشتووانی پڕۆژەکە دەڵێن، بەهۆی خستنەسەری پارەی کارەبای گشتی (وەک ئاسانسوار، باخچە و پەمپەکانی ئاو)، نرخی خزمەتگوزاریی مانگانە لە 60 هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی 80 بۆ 85 هەزار دینار بەرز دەبێتەوە. د. سەروەر غەفوور، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و نیشتەجێی دیلان سیتی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "جگە لەو بڕە پارەیەی مانگانە وەک خزمەتگوزاری دەیدەین، ئێستا دەیانەوێت پارەی کارەبای ئاسانسوار و پەمپی ئاویش بخەنە ئەستۆمان. کۆمپانیاکان تا دێت نرخەکان گرانتر دەکەن و پارەی کەڵەکەبووی کارەبا دەخەنە سەر شانی ئێمە." کۆمپانیاکە: پارەی کارەبای گشتی لەسەر ئەستۆی دانیشتووانە لە بەرامبەردا، یاد ئومێد، بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاریی دیلان سیتی بە رادیۆی رووداوی گوت: "خەرجیی کارەبای گشتیی پڕۆژەکە وەک رووناکیی دەرەکی، ئاسانسوارەکان و سیستەمی ئاگرکوژێنەوە، بەپێی نووسراوی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی (ژمارە 6015 لە 15-5-2023) دەکەوێتە ئەستۆی دانیشتووانی نێو پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان." بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری روونیکردەوە، پێشتر مانگانە تەنیا پێنج هەزار دینار بۆ ئەو مەبەستە وەردەگیرا، بەڵام لەبەر ئەوەی ماوەی سێ ساڵە دانیشتووان داوایان کرد ئەو پارەیە نەدەن و خۆیان بیدەن، ئێستا قەرزێکی کەڵەکەبوو بە بڕی نزیکەی 102 ملیۆن دینار لەسەر پڕۆژەکە دروست بووە. یاد ئومێد هۆشداری دا و گوتی: "بەهۆی نەدانی ئەو قەرزانەوە، رۆژی یەکشەممە فەرمانگەی کارەبا تەزووی کارەبای بەشێک لە باڵەخانە قەرزدارەکانی بڕیوە، بۆیە پێویستە دانیشتووان پابەندی دانی ئەو شایستە داراییانە بن کە دەکەوێتە ئەستۆیان."
هەواڵە ناوخۆییەکان20-10-2026دانیشتوویەکی هانا سیتی لە هەولێر: کەمترین کارەبای موەلیدە هەبووە و 10 هەزار بۆ هەر ئەمپێرێک وەرگیراوە