رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە خانەنشینانی سەربازی کە پێشتر سەر بە یەکەی 70ـی پێشمەرگە بوون، تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی نۆیان پێ نەدراوە، بەرپرسێکی خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێت، ئەو کەسانە مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە و ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو پێیان دەدرێت.
دوو لەو خانەنشینانەی کە لە سنووری پارێزگای سلێمانین، ئەمڕۆ سێشەممە 20-10-2026 بە رووداویان گوت: "پێشتر ئێمە سەر بە یەکەی 70ـی پێشمەرگە بووین، ئێستا کراوینەتە خانەنشینی دەڤەری دوو، بەڵام هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو ئەم مانگەش مووچەمان دواکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی نۆمان وەرنەگرتووە".
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خانەنشینانی دەڤەری دوو مووچەکەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە، دیارە داهاتی پێویست بەردەست نەبووە بۆیە تاوەکو ئەمڕۆ مووچەکەیان وەرنەگرتووە".
ئەو خانەنشینانەی پێشمەرگە کە تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە نزیکەی هەزار کەسن. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە گوتی: "مووچەیان پێدەدرێت، ئەگەر هەموویان ئەم هەفتەیە وەری نەگرن، بێگومان ئەوەی بمێنێتەوە بەگوێرەی پارەی بەردەست هەفتەی داهاتوو وەریدەگرن".
یەکشەممە 18-10-2026 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و تاوەکو 22-10-2026 دابەشکردن بەردەوام دەبێت؛ هەمانکات مووچەی تەواوی ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە لە دوای (01-07-2024) بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە".


