رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوی لەجێدانانی بۆ وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە بە فەرمی گەڕاندووەتەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، فەرمانەکەیان پێگەیشتووە و وەزارەتی داراییش رێنماییەکانی چۆنێتیی دانانی گرێبەستی تاوتوێ کردووە.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 20-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی نووسراوی دەستپێکردنەوەی لەجێدانانی بۆ وەزارەتمان ناردەوە و رێکارەکانی دیکە ماون بۆ دەستپێکردنەوەی گرێبەستکردنیان".
دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە ئەنجوومەنی راژە و وەزارەتی دارایی رێنماییەکانی گرێبەستی بۆ وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا ناردووەتەوە بۆ دەستپێکردن بە دامەزراندن، بەڵام د. توانا نەجەف دەڵێ: "ئاگادارین وەزارەتی دارایی تاوتوێی رێکارەکانی کردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە دەرکردنی رێنماییەکان و بۆ ئێمە نەنێردراون".
د. توانا نەجەف ئاماژەی بەوە کرد، دوای دەرکردنی رێکارەکان، وەزارەتەکەیان نزیکەی 1000 کەس وەکو گرێبەست بەگوێرەی رێنماییەکان دادەمەزرێنێت و لە جێگەی ئەوانە دایاندەنێ، کە بە هەر هۆکارێک بێت لە کاردا نەماون.
بەگوتەی بەڕێوەبەری کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەموو دەرچووان مافیان هەیە داوای گرێبەستبوون بکەن بەو مەرجەی بڕوانامەکانیان هاوتای ئەوانە بێت کە لە جێگەیان دادەنرێن.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بە ژمارە 9722 لە رۆژی 09-08-2026 بە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە، کارکردن بە پرۆسەی لەجێدانان بە هەموو شێوەیەک راگیرابوو.
هەمان بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتی پەروەردەش دەگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی راژە رێنماییەکانیان بۆ ئەوانیش نەناردووە.
بەگوێرەی رێنماییەکان، هەموو ئەوانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن و بڕوانامەی دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرایان هەیە دەتوانن داوای دامەزراندن بە گرێبەست پێشکێش بکەن.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 16-09-2026 بڕیاری دەستپێکردنەوەی لەجێدانان پەسند کرا، 10-10-2026 نووسراوی فەرمی بۆ چوونە جێبەجێکردنی بڕیارەکە کراوە و ئێستا رەوانەی وەزارەتەکان کراوەتەوە.


