رووداو دیجیتاڵ محەممەد حەسەن و فرمێسک عادلی هاوژینی، هەردووکیان نەخۆشیی درێژخایەنی تالاسیمیایان هەیە. ئەوان لەنێوان پێویستیی بەردەوامیان بە خوێن و دەرمان لە لایەک و بێکاری و هەژاری لە لایەکی دیکەوە گیریان خواردووە. سەرەڕای بوونی یاسایەک کە هانی کەرتی تایبەت دەدات بۆ دامەزراندنیان لە بەرامبەر پێدانی نیوەی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام خاوەنکارەکان بەهۆی نەخۆشییەکەیانەوە ئامادە نین کاریان پێ بدەن. وەزارەتی کاریش دان بە بوونی کەموکوڕیدا دەنێت و بەڵێنی چارەسەر دەدات. محەممەد حەسەنی تەمەن 22 ساڵ و فرمێسکی هاوژینی، لە خانوویەکی کرێدا لە گەڕەکی گەلاوێژی هەولێر دەژین و مانگانە 350 هەزار دینار کرێ دەدەن. ئەوان لەگەڵ باوک و دایکی محەممەد دا دەژین؛ باوکی ماوەی شەش مانگە بەهۆی جەڵتەوە لە جێگەدا کەوتووە و دایکیشی بەهۆی خزمەتکردنی ئەوانەوە ماندووە. محەممەد، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "15 رۆژ جارێک لەگەڵ هاوژینەکەم پێویستمان بە وەرگرتنی خوێنە. مانگانە هەریەکێکمان پێویستی بە نزیکەی 400 هەزار دینار هەیە بۆ کڕینی دەرمان و ڤیتامین، بەڵام سێ مانگە بەهۆی نەبوونییەوە دەرمانمان نەکڕیوە". سەرەڕای ئەوەی محەممەد چەندین شارەزایی هەیە، وەک کۆمپیوتەر، سۆفتوێر و زمانی ئینگلیزی، بەڵام هەر هیچ دەرگایەکی لە روو کراوە نییە. ئەو دەڵێت، "زیاتر لە 10 شوێن داوای کارم کردووە، بەڵام کە بە نەخۆشییەکەم دەزانن، یان دەڵێن 'بڕۆ خۆمان پێت دەڵێینەوە' یان راستەوخۆ دەڵێن 'ببوورە ناتوانین'. چوومە دوکانێکی جلوبەرگ، خاوەنەکەی پرسی تەمەنت چەندە؟ گوتم 22 ساڵ. گوتی، 'وا بزانم نەخۆشی'. گوتم، 'بەڵێ، تالاسیمیام هەیە'. گوتی، 'ببوورە، ئێمە دەرفەتی ئەوەمان نییە مۆڵەتت بدەین بچیت خوێن وەربگریت". ئەم دۆخە وایکردووە محەممەد و خێزانەکەی بژێوییەکی سەختیان هەبێت. ئەو دەڵێت، "1800 دۆلار قەرزدارم. مووچەیەکی 150 هەزارییم هەیە، دەیدەمە قەرز و 150 هەزاری هاوژینەکەشم بۆ خەرجیی ماڵەوە بەکاردێنم". فرمێسکی هاوژینیشی، خەون بە کارێکی ئاسانەوە دەبینێت کە لەگەڵ توانای جەستەیی ئەودا بگونجێت، وەک کارکردن لە قاوەخانەیەک یان گوڵفرۆشییەک. ئەو لە (بەرپرسیار) گوتی: "بژێوی ژیان زۆر قورسە. رۆژانە کە لە خەو هەڵدەستم، سەیری مۆبایلەکەم دەکەم بزانم لە هیچ هەلی کارێک وەرگیراوم یان نا. خاوەنکارەکان جیاوازی دەکەن و بە چاوێکی دیکە سەیرمان دەکەن". نەخواردنی دەرمانەکان کاریگەریی جەستەیی و دەروونیی لەسەر هەردووکیان بەجێهێشتووە. محەممەد دەڵێت، "بەهۆی نەخواردنی هۆرمۆنەوە، باڵامان گەشەی نەکردووە. من ریش و سمێڵم نەهاتووە". فرمێسکیش باس لەوە دەکات کە دەرمانێکی گەشەی باڵای هەیە نرخەکەی 100 دۆلارە و هەرگیز بەکاری نەهێناوە. بەپێی یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2011 و هەموارکراوەکەی لە یاسای ژمارە 80ـی ساڵی 2021، حکومەت هانی کەرتی تایبەت دەدات بۆ دامەزراندنی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، بە شێوەیەک کە بۆ ماوەی سێ ساڵ، 50%ی مووچەکەیان لە ئەستۆ دەگرێت. لوقمان هەورامی، سکرتێری ناوەندی یاسایی لە وەزارەتی کار، بە رووداوی گوت، "ئەمە هاندانێکە بۆ خاوەن پڕۆژەکان. هەر کەمئەندامێک دەتوانێت ناوی خۆی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار تۆمار بکات بۆ دۆزینەوەی هەلی کاری گونجاو". بەڵام، لوقمان هەورامی، روونی دەکاتەوە کە هەرچەندە بەپێی رێنوێنیی ساڵی 2016، تالاسیمیا وەک کەمئەندامی هەژمار کراوە، بەڵام "نەخۆش" بە گشتی ناچێتە ژێر چەتری وەزارەتی کار و زیاتر پەیوەندی بە وەزارەتی تەندروستییەوە هەیە، ئەمەش بۆشاییەکی یاسایی دروست کردووە. ئەردەلان گەزنەیی، بەڕێوەبەری پشکنینی کار و بەشدارییەکانی دەستبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار، لە (بەرپرسیار) دانی بە بوونی کێشەکەدا نا و گوتی: "لە مانگی 12ـی ساڵی 2025ـەوە درکمان بەم بابەتە کردووە. ئەمڕۆ نووسراوێکمان ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان کردووە بۆ دانانی رێکارێکی تایبەت بە بەکارخستنی کەمئەندامان". بەپێی نووسراوەکە کە واژۆی مەریوان بەگوک عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی بە وەکالەتی لەسەرە، داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کراوە بۆ "هەماهەنگی و دیاریکردنی رێکاری هاوبەشی گونجاو" بۆ جێبەجێکردنی یاساکە. گەزنەیی بەڵێن دەدات و دەڵێت، "لە مانگی 11ـی ئەم ساڵدا رێکارێک ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکرێت، تاوەکو بە زووترین کات کەسانی وەک محەممەد و فرمێسک بخرێنە سەر کار". ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کار، ئاماژەی بەوەش کرد کە یاسای کار لە هەرێمی کوردستان کۆنە و هی ساڵی 1987ـە و پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، هەروەها پۆرتاڵی هەلی کاری وەزارەت کە ماوەی ساڵێکە کارا کراوە، هێشتا بۆ خاوەنکارەکان ناچاری نییە. لەکاتێکدا محەممەد و فرمێسک رۆژانە چاوەڕوانی وەڵامی ئیمەیڵێک یان تەلەفۆنێکن بۆ دەستکەوتنی کارێک، ئەردەڵان گەزنەیی بەناوی وەزارەتی کارەوە بەڵێنی ئەوە دەدات کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2027دا، ئەنجامی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەربکەوێت.
هەواڵە ناوخۆییەکان19-10-2026سەندیکای رۆژنامەنووسان و وەزارەتی کۆمەڵایەتی کاری هاوبەش بۆ خانەنشینبوونی رۆژنامەڤانان دەکەن