رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای رۆژنامەنووسان و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دەستەبەری کار و خانەنشینبوونی رۆژنامەڤانان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە دەڵێ، ئامانجیان ئەوەیە رۆژنامەڤانان بە مافی خانەنشینبوون بگەن.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 19-10-2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ لە دوو کۆبوونەوەدا دوایین هەوڵەکانی پرسی دەستەبەری کۆمەڵایەتی رۆژنامەنووسان تاوتوێ کرا. ئەوەش دوای فەتوای ئەنجوومەنی شورا دێت بۆ ئاسانکاری و رێوشوێنی دەستبەکارکردن بۆ کردنەوەی دۆسیە بۆ سەرجەم رۆژنامەنووسانی کوردستان".
هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە ساڵێکە کار دەکەین بۆ دەستەبەری کار و خانەنشینبوونی رۆژنامەنووسان، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە مافی خانەنشینبوون بگەن".
سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسان گوتی: "کاتێک رۆژنامەڤان دەستبەری بۆ دەکرێ، جگە لە مافی خانەنشینبوون، لە کارەکەیشی تووشی هەر رووداوێک ببێت، لە مافەکانی بێبەش نابێت".
هەندرێن ئەحمەد لەبارەی هەنگاوی داهاتوویانەوە ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێ لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە هەموو رۆژنامەڤانان دەستبەری کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێ. بەگوتەی هەندرێن ئەحمەد، "بەشێکی دەزگاکانی راگەیاندن ئێستا خۆیان دەستبەری کاریان بۆ رۆژنامەنووسەکانیان کردووە".
لە راگەیێندراوەکەی سەندیکای رۆژنامەنووساندا هاتووە: "لە ماوەی داهاتوودا ئەنجوومەنی کارگێڕیی وەزارەت بە بەشداری سەندیکای رۆژنامەنووسان لەبارەی رێوشوێنی رێکارەکان بڕیار دەدەن و بۆ رای گشتی بڵاوی دەکەنەوە".


