رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری ئەو دوو هاونیشتمانییە دەکات کە بەهۆی لافاوەکەی دوێنێی شاری هەولێرەوە گیانیان لەدەستدا و دەڵێت، "هاوبەشی خەمی هەردوو خانەوادەی قوربانیانی ئەو رووداوە دڵتەزێنەم."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری (محەممەد رەسووڵ حەمەدئەمین) و (مستەفا سەرکەوت خدر)ـی تەمەن پێنج ساڵان کرد، کە دوێنێ لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر و دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر گیانیان لەدەستدا.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی هاوخەمیی خۆی بۆ خانەوادەی قوربانییەکان دەربڕیوە و رایگەیاندووە، "لە خودای گەورە داواکارم سەبر و دڵنەواییان پێ ببەخشێت و رۆحی پاکی قوربانیانیش بە بەهەشتی بەرین شاد بکات."
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و ئازیزانی هەردوو هاووڵاتی (محەمەد ڕەسوڵ حەمەدئەمین) و (مستەفا سەركەوت خدر)ـی تەمەن پێنج ساڵ دەكەم كە بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر و لافاوی دوێنێی شاری هەولێر بوونە قوربانی و گیانیان لەدەست دا. هاوبەشی خەمی هەر دوو خانەوادەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەم و لە خودای گەورە داواكارم سەبر و دڵنەواییان پێ ببەخشێت و ڕۆحی پاکی قوربانیانیش بە بەهەشتی بەرین شاد بكات.
انا للە و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
8ی تشرینی دووەمی 2026


