رووداو دیجیتاڵ هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی سەربەخۆیی لە هەولێر گلەیی لەوە دەکات کە نزیکەی 10 مانگە پێوەری زیرەکی کارەبای بۆ بەستراوە، کەچی تاوەکو ئێستا هیچ پسوولەیەکی کارەبای بۆ نەگەڕاوەتەوە؛ بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر 2ـیش رایدەگەیێنێت کە پێوەرەکەی لە سیستەمدا لینک نەکراوە و کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکەن. شاخەوان سەلام، دانیشتووی گەڕەکی سەربەخۆیی لە هەولێر (نێوان سێبەردان و هەولێری نوێ)، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی نزیکەی 9 بۆ 10 مانگە پێوەری زیرەکم بۆ بەستراوە و مامەڵەکانم تەواو کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پسوولەم بۆ نەهاتووەتەوە و لە ماڵپەڕی 'ئی-پسوولە'ش هیچ زانیارییەک لەسەر هەژمارەکەم نییە." ئەو هاونیشتمانییە نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە دواتر بڕە پارەیەکی زۆری بە شێوەی خەمڵاندن بۆ بنووسرێت، لە کاتێکدا وەک خۆی دەڵێت، بە وریاییەوە کارەبایان بەکارهێناوە و دەشڵێت: "لە کاتێکدا زۆرینەی کۆڵانەکەمان بە زێدەڕۆیی (چەتاڵ) کارەبایان راکێشاوە، من بە رێکاری یاسایی کارەبام هێناوە، کەچی ئێستا رووبەڕووی ئەم گرفتە بوومەتەوە." لە وەڵامی ئەم گرفتەدا، ئەندازیار کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر 2، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەگەری زۆرە هۆکاری نەهاتنەوەی پسوولەکە ئەوە بێت کە پێوەرەکە لە سیستەمدا بەستەر (لینک) نەکراوە." بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر 2 داوای لەو هاونیشتمانییە کرد سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە کەرتی 5ی حەسارۆک بکات، تاوەکو لە رێگەی تیمەکانیان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پرۆژەی رووناکی، پشکنین بۆ پێوەرەکەی بکرێت و داتاکانی لە سیستەمدا جێگیر بکرێن، بۆ ئەوەی لەمەودوا مانگانە پسوولەی کارەبای بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ بگەڕێتەوە.
هەواڵە ناوخۆییەکان19-10-2026سەندیکای رۆژنامەنووسان و وەزارەتی کۆمەڵایەتی کاری هاوبەش بۆ خانەنشینبوونی رۆژنامەڤانان دەکەن