رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی پارێزەرێکی راگەیاند، کە دوێنێ دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ پارێزەرێکی دیکە لەنێو دادگەی هەولێر، دەمانچەی دەرهێنا و هەڵات.
رۆژی دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو رووداوە رۆژی 18-10-2026 کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ لەنێو دادگەی هەولێر روویدا، کاتێک لەنێوان دوو پارێزەر بە ناوەکانی (ی. ز. م) و (س. ع. ح) دەمەقاڵێ دروستبوو.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای رووداوەکە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیسی دادگە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیان دا، بەڵام یەکێک لە پارێزەرەکان بە ناوی (ی. ز. م) دەمانچەی دەرهێنا و دواتر لە شوێنەکە هەڵات.
پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە، ئێستاش بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 31/406 لە یاسای سزادان راگیراوە.
دوێنێ ئارام گەردی، گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"ئەم کارە وەک تاوانی بینراو هەژمار دەکرێ. یاسا لە تاوانی بینراودا وەرگرتنی رەزامەندیی سەندیکای پارێزەرانی بە مەرج نەگرتووە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی، تەنانەت بۆ پەرلەمانتار و دادوەرانیش لە تاوانی بینراودا بە هەمان شێوەیە."
گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی هەولێر باسی لەوەکرد، سەندیکا نەوەک تەنیا لاری لە رێکارە یاساییەکان نییە، بەڵکو هاوکار و هاوئاهەنگیش دەبێت و گوتی: "لە کۆبوونەوەی داهاتووی سەندیکای پارێزەرانی کوردستاندا، رێکاری پیشەییش بەرامبەر ئەو پارێزەرە دەگرینەبەر، لەبەر ئەوەی کارێکی تەواو نایاسایی و دوور لە ئیتیکی پارێزەرایەتی کردووە."




