رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بە پێنج قیست لە خوێندکاران وەردەگیرێ. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، بۆ هاوکاریی خوێندکاران بڕیاری داشکاندن و بەقیستکردنی پارەی ئەو دوو جۆرەی خوێندنیان داوە.
نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمڕۆ دووشەممە 19-10-2026 بە ژمارە 1953 دەرچوو و تێیدا هاتووە: "لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی خانەوادەی خوێندکاران/ قوتابیان، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە بڕیارماندا بە وەرگرتنی شێوازی پارەی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بە پێنج قیست".
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر بۆ خوێندنی ساڵی 2026-2027 داشکاندن بۆ کرێی خوێندنی سەرجەم خوێندکارانی ئێواران و پارالێڵ درا، ئێستاش بڕیاردرا پارەکە بە پێنج قیست بێت نەوەک دوو یان سێ قیست".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کرد، دوای داشکاندن، کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بە رێژەیەکی بەرچاو کەمکراوەتەوە و گوتی: "ئێستا کەمترین بڕی پارەی خوێندن بەگوێرەی کۆلێژەکان نزیکەی ملیۆنێک دینارە و زۆرترینیش پێنج ملیۆن دینار کە کۆلێژی پزیشکییە، بێگومان ئەوە دوای داشکاندنەکە نرخەکە کەم کراوەتەوە".
لە نووسراوێکی دیکەی فەرمیدا کە واژۆی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستانی لەسەر بوو و چوارشەممە 14-08-2026 بڵاوکرایەوە، بڕیاری داشکاندن بۆ خوێندنی پارالێڵ، دکتۆرا و ماستەر بە رێژەی 45% درا.
..



