رووداو دیجیتاڵ
لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی برای، بەشێک لە دەستگیرکراوانی رووداوەکەی هۆتێل لالەزار، لە ئاسایش و زیندانی کانی گۆمەوە گواسترانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی سلێمانی.
رۆژی یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانا تەقەدین، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار و لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ 25 کەس لە گیراوانی لالەزار، کە بە مادەکانی 56 و 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیرابوون و حکوم درابوون؛ بەشێکیان لای ئاسایش و بەشێکیشیان لە زیندانی کانی گۆمە بوون لە سلێمانی، هەموویان گواسترانەوە بۆ چاکسازیی گەورانی سلێمانی کە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی تێدایە".
سەبارەت بە لایەنی یاسایی بڕیارەکە، پارێزەرەکەی دەستگیرکراوانی لالەزار دەڵێ، کە بەم هەنگاوە دۆسیەکە بەرەو رێڕەوی یاسایی خۆی دەچێت و گوتی: "ئێستا خەریکە کەیسەکە رێکارە یاساییەکانی وەردەگرێت، چونکە بەپێی یاسا نابێت دەستگیرکراوانی مادەی 406 لای ئاسایش بن، بەڵکو دەبێت لە گرتن و گواستنەوە بن."
15ـی ئەم مانگە دانیشتنێکی دیکە و دوایین دانیشتنی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و 11 هاوڕێی دیکەی بە مادەی 56ـی سزا کۆتاییهات، دادوەر لاهوور شێخ جەنگی و نۆ لە گیراوانی لالەزاری حکوم دا دوو لە گیراوانیش بێ تاوان دەرچوون.
دادوەرانی دۆسیەکە، لاهوور شێخ جەنگییان بە 5 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردن سزا دا. هەروەها پۆڵاد شێخ جەنگی بە 3 ساڵ و 6 مانگ و رێبوار حامید حاجی غالی بە دوو ساڵ بە "تووندی" سزا دران.
رۆژی 22-08-2025ـدا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.
لە پێکدادانەکەی 22ـی ئابدا ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.
دوای دۆسیەی مادەی 56، تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی تۆمەتبارانی لالەزار کراوە، کە بەپێی مادەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقە و تایبەتە بە کوشتن.




