رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێ، بە گوژمەی ملیارێک و 400 ملیۆن دینار رێگەی کەرکووک- سلێمانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئەوان نۆژەن دەکرێنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "بەشێکی زۆری رێگەی سەرەکی نێوان چەمچەماڵ و سلێمانی خراپە و بەو جۆرەش گرفتی زۆر بۆ هاونیشتمانییان دروستبووە، بۆ ئەو مەبەستە بڕی ملیارێک و 400 ملیۆن دینار بۆ چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگەکە تەرخانکراوە".
قایمقامی چەمچەماڵ روونیکردەوە، پڕۆژەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت. لە قۆناخی یەکەمدا رێگەی بانی مەقان تاوەکو دەروازەی چەمچەماڵ نۆژەن دەکرێتەوە و ئێستا لە هەردوو سایدی رێگاکە کاردەکرێ.
لەبارەی قۆناخی دووەم و سێیەمی پڕۆژەکە، قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، راستەوخۆ دوای قۆناخی یەکەم دەستپێدەکەن و رێگەی چەمچەماڵ-تەکیە لە خۆدەگرێ کە بەشێوەیەکی ئەندازیاریی نۆژەن دەکرێتەوە.
ئاسۆ بەکر گوتیشی، پێشبینی دەکەن لە دوو مانگدا کارەکە تەواوببێت.


