رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بە ئەگەرێکی زۆر، سبەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت.
ئەو سەرچاوەیە، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی راگەیاند، "سبەی 18 تشرینی یەکەم 2026، بە ئەگەرێکی زۆرەوە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت"
مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی نێوخۆیە، لەبەر ئەوە لەگەڵ فەرمانبەرانی دامەزراودا مووچە وەرناگرن.
رۆژی 14-10-2026، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری گرێبەستەکانی وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرپرسانی وەزارەتی دارایی دڵنیاییان پێداوین کە لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی هەموو گرێبەستەکان کە لەسەر داهاتی نێوخۆن دابەش دەکرێت".
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 87 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن، زیاتر لە 57 هەزاریان مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە و 30 هەزاریان لە بەغداوە مووچەیان بۆ دەنێردرێت.
گرێبەستەکان زۆرینەیان پێشتر وانەبێژ بوون لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرانە گرێبەست.


