رووداو دیجیتاڵ
دایکی ئەو سێ منداڵەی لە رووباری مەریج لە سنووری پارێزگای ئەدیرنە-ی تورکیا خنکان، چیرۆکی کارەساتەکەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێ، "قاچاخچییەکە بە هەڕەشە و بە زۆر سواری بەلەمەکەی کردین."
هۆزان رەزا، بە تەلەفۆن بەشداریکرد لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی رووداو و لەگەڵ رێبوار عەلی گفتوگۆیەکی تایبەتی کرد سەبارەت بە رووداوی خنکانی هەر سێ منداڵەکەی لە کاتی پەڕینەوەیان لە رووباری مەریج لە دیوی پارێزگای ئەدیرنە-ی تورکیا بەرەو یۆنان.
لەبارەی گەشتەکەیانەوە گوتی، "بڕیارمان دا بڕۆین بۆ ئەورووپا بۆ ئەوەی ژیانێکی خۆش بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین. لە سلێمانییەوە هاتینە تورکیا و 55 هەزار دۆلارمان دابوو بە قاچاخچییەک."
بە گوتەی هۆزان، قاچاخچییەکە پێی گوتبوون کە رێگەکە سەلامەتە. ئەو دەڵێت، "پێی گوتین رێگەکە تەنیا 20 خولەکە و ئاوەکەی تاوەکو ئەژنۆیە، بەڵام کاتێک گەیشتین، بینیمان رووبارە."
بەلەمەکە کە "چووپ" بووە، تەنیا بۆ پێنج کەس بووە، بەڵام هەشت کەس و هەشت جانتایان بارکردووە. هۆزان دەڵێت، "هاوارمان کرد و گوتمان جێگەمان نابێتەوە، بەڵام قاچاخچییەکە هەڕەشەی لێکردین و گوتی ئەگەر سەرنەکەوین زیان بە منداڵەکانمان دەگەیێنێت."
دوای ماوەیەکی کەم لە رۆیشتن، بەلەمەکە وەرگەڕاوە. هۆزان دەڵێت، "نەمتوانی هیچ کام لە منداڵەکانم رزگار بکەم. هاوژینەکەم دەستی گرتم و منی رزگار کرد."
ئەو دایکە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی دەکات یارمەتییان بدەن بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکانیان. هەروەها دەڵێت، "سکاڵا لەسەر قاچاخچییەکان تۆمار دەکەین و نابێت خوێنی منداڵەکانم بەفیڕۆ بڕوات."
هۆزان رەزا، داوا لە خەڵک دەکات کە قسەیان پێ نەڵێن و دەڵێت، "کەس حەز بە مردنی منداڵی خۆی ناکات، بەڵام ئەوە قەدەری خوایە. تەنیا نزامان بۆ بکەن."
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، هەرێم محەممەد-ی تەمەن 41 ساڵ ڤیدیۆی هاوژینەکەی هۆزان رۆستەم، تەمەن 37 ساڵ و سێ منداڵەکەی بەناوەکانی مێلا، هەستیار و هەریاد کە تەمەنیان 5، 9 و 12 ساڵ بوو تۆمارکردبوو کە لە گەشتێکی ئاسمانیی دا بە فڕۆکەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئەی جێت (AJet) بە ژمارە VF374 لە سلێمانییەوە بەرەو ئیستەنبووڵ دەچوون. لە ڤیدیۆکەدا سێ منداڵەکە بە دڵخۆشییەوە سەیری یەکدییان دەکرد.
دوای گەیشتنە ئیستەنبووڵ خێزانەکە هیواخوازبوون بگەنە یۆنان و لەوێوە بچن ببنە پەنابەر لە ئەڵمانیا، بۆ ئەوەش دەیانویست بە قاچاخی و نهێنی لە سنووری ئاویی تورکیا بپەڕنەوە بەرەو یۆنان. ئەوان بڕی 55 هەزار دۆلاریان دانابوو تاوەکو هەر کە گەیشتنە ئەڵمانیا بدرێتە قاچاخچییەکە.
دوو لە منداڵەکان تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن. سێیەمیان لە رووبارەکە دەرهێنراوە، بەڵام دواتر لە نەخۆشخانەیەکی ئەدیرنە گیانی لەدەستداوە.
ئێستا ئەو دایک و باوکە دڵشکاوە هیوادارن تیمەکانی رزگارکردنی حکومەتی تورکیا تەرمی دوو منداڵە بێسەروشوێنەکەیان بۆ بدۆزنەوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی هۆزان رەزا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو:
رووداو: هۆزان رەزا، کە دایکی ئەو سێ منداڵە خنکاوەیە، ئێستا راستەوخۆ لەسەر هێڵی تەلەفۆن لەگەڵمانە، باسی ئەو چیرۆکە دەکات کە ئەو رێگەیەیان بڕیوە و بەسەریاندا هاتووە. هۆزان خانم کاتت باش، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمانتان پێڕادەگەیێنین. ببوورە کە دەزانین لە دۆخێکی سەختدان. ئێمە حەزمان کرد دیمەنت هەبێت بە ڤیدیۆ قسە بکەیت؛ حەزدەکەم باسی ئەوە بکەیت بۆ رەتتکردەوە بە ڤیدیۆ قسە بکەیت؟
هۆزان رەزا: وەڵا براکەم، سەرپۆشم پێنەبوو، نامەوێ بەبێ سەرپۆش بێمە سەر کامێرا.
رووداو: واتا لە کاتی کەوتنە ناو ئاوەکە سەرپۆشەکەت بە ئاودا چوو، بۆیە ناتەوێ دەربکەویت بێ سەرپۆش؟
هۆزان رەزا: بەڵێ، بەڵێ برایەکەم.
رووداو: باشە، بەداخەوەین بۆ ئەو رووداوەی بەسەرتاندا هاتووە. باسی چیرۆکی خۆتانمان بۆ بکە؛ چیتان کرد، کەی بڕیارتاندا بچن بۆ دەرەوە؟ کەی رۆیشتن؟ گەیشتنە کوێ و چیتان بەسەرهات؟ پێمخۆشە لێرە بە خەڵکی کوردستانی بڵێیت.
هۆزان رەزا: وەڵا براکەم، بڕیارمان دا بڕۆین بۆ ئەورووپا ژیانێکی خۆش دابین بکەین بۆ منداڵەکانم. منداڵەکانم... لەدەستم دان، تیکتمان بڕی لە سلێمانی و هاتینە تورکیا. لە تورکیا چووینە ئەکسەرای، لەوێ بەرەو لولەبورگاز رۆیشتین، لەوێشەوە هاتینە ئەدیرنە. تاوەکو ئەوێ هیچ کێشەمان نەبوو. بڕیاربوو سەعات چوار و نیو بۆ پێنجی بەیانی بڕۆین؛ سەعات حەوتی ئێوارە ئێمەیان هێنا دەرەوە بە پەلەپەل و "خێراکەن خێراکەن"، بردیانین. چووینە شوێنێک دایانبەزاندین گوتیان "پۆلیس هاتووە، خێراکەن"، خۆمان دا بە عەرزدا و رۆیشتین، رێگاکە 20 دەقە بوو. بە منیان گوت ئاوەکە تا ئەژنۆیە. لەبەر ئەوەی من گرێبەستەکەم وابوو، بڕیار وابوو ئاوی تیا نەبێت، پارەم دابوو بۆ ئەوەی ئاوی تیا نەبێت. بەخوا گوتی ئاوی تیا نییە، ڤیدیۆکەی نیشاندام تاوەکو ئەژنۆ بوو ئاوەکە، خەڵک بە ئاسانی دەڕوات. منیش گوتم با منداڵەکانم تەڕ نەبن، چووپم بۆ دابین بکەن. گوتی بەخوا نایەت. گوتم قەیناکە با قاچیان تەڕ نەبێ و سەرمایان نەبێ. نەمزانی سێ رۆژە کوڕە گەورەکەم لە ئاوە، ترسی لە ئاوە... جوانەکەم لە ئاوە... تێر نانم خوارد، تێر خواردنم بۆ کردن، ئیتر رۆیشتین. چووپەکەمان هەوا تێکرد و شەو بوو هیچم نەدەبینی. بەخوا گوتیان جۆگەیە ئاوەکە، نەمزانی رووبارە. سەر چووپەکەیان خستین، گوتم: کاکم، چووپ ناتوانێت ئەم هەمووە بەرێت. هەڕەشەی لێکردم، گوتی خێرا سەرکەوە. منیش لە ترسی ئەوەی منداڵەکەم فڕێ نەداتە ناو ئاوەکە سەرکەوتم. نەمزانی، چووپەکە قڵپەوە بوو، منداڵەکانم نوقم بوون، نەمتوانی هیچیان رزگار بکەم. خۆشم نوقم بووم، خوا دامیەوە.
رووداو: هەڕەشەی لێدەکردن قاچاخچییەکە ئەگەر بێت و نەچنە ناو بەلەمەکە، زیان بە منداڵەکانتان دەگەیێنێت؟
هۆزان رەزا: نا نا نەیگوت، بەس من ترسام؛ ئەو دەیگوت خێرا سەرکەون، خێراکەن، تەلەفۆنەکەم... ئیتر نازانم تەلەفۆنی بۆ چی دەکرد. منیش لە تاو ئەوەی گوتم نەوەکو زیان بە منداڵەکانم بگەیێنێت، با سەرکەوم. کە سەرکەوتین، هەنگاوێکە، هەنگاوێ... ئیتر تەنکاییە، هەنگاوی چی من نەمدیوە، بەس هاوسەرەکەم چووە، ئەگەر دەبینی ئاوەکە هەرگیز ئەوە نەبوو کە پیاوەکە گوتی.
رووداو: باشە، بەلەمەکەتان بینی کاتێک چوونە ئەوێ، بەلەمەکە چەند گەورە بوو؟ نەتانگوت جێگەمان نابێتەوە؟
هۆزان رەزا: بەلەمەکە چووپ بوو، چووپ بوو هەوای تێکرا. بەخوا پێم گوت، هاوارم بۆ کرد کاکە جێ نابێتەوە، کاکە جێمان نابێتەوە.
رووداو: ئێوە پێنج کەس بوون، چەند کەسی دیکە لەگەڵتان سەرکەوتن هۆزان خانم؟
هۆزان رەزا: گوتی بەخوا تاوەکو ئەژنۆیە. ئێمە پێنج کەس بووین، ئێرانییەکمان لەگەڵ بوو، کوردی رۆژهەڵات بوو، کابرایەک بوو لەگەڵ دوو رێبەر. دوو رێبەرەکە مەلەشیان دەزانی، دەیانتوانی منداڵەکانم رزگار بکەن، جێیان هێشتین. لەو دەشتە جێیان هێشتین، بەس عەرز و ئاسمان دیار بوو، وەک شقشقاڕ دەلەرزین. هەستام چووم خۆم تەسلیم کرد.
رووداو: رێبەرەکە کورد بوو؟
هۆزان رەزا: کورد بوو، خەڵکی هەولێر بوو.
رووداو: باشە چەند دوورکەوتنەوە لە کەناری ئاوەکە کە بەلەمەکەتان وەرگەڕا؟ بۆ وەرگەڕا؟
هۆزان رەزا: زل بوو، چووپەکە تەنیا جێی پێنج کەس بوو، ئێمە هەشت کەس بووین، هەشت جانتای تیا بوو. بەخوا هاوارمان کرد گوتمان ئەو جانتایە و ئەو پیاوە بڕوا دوای ئێمە دێن، گوتی یەڵڵا سەرکەون، بە هەڕەشە سەری خستین، منیش گوتم نەوەکو منداڵەکانم شتێکیان لێبێت.
رووداو: باشە، گوتت مەرجی ئەوەمان دانابوو ئێمە کە ئاوی تێدا نەبێت. ئێوە پێنج کەس چەندتان پارە دابوو بە قاچاخچی تاوەکو رێگەی ئەکسەرایتان بۆ دابین بکات؟
هۆزان رەزا: پێنج و نیومان دا، گوتی ئاوی تیا نییە، گوتم کاکە...
رووداو: پێنج هەزار دۆلار، وایە؟
هۆزان رەزا: بەڵێ، پێنج دەفتەر و پەنجا وەرەقە. حسابی خوشکی خۆتم بۆ بکە، ئەو سێ منداڵە وەک چۆلەکە وان، با توخوا رێگەی سەلامەت بێت؛ گوتی بەخوا ئەوەندە سەلامەتە 20 دەقەیە! ئاوێکی تێدایە گوتم ئاوە؟ کوڕەکەم لە ئاو دەترسێ، گوتی بەخوا تاوەکو ئەژنۆیە.
رووداو: باشە خۆت و هاوسەرەکەت چۆن رزگارتان بوو؟
هۆزان رەزا: وەڵا من خوا رزگاری کردم، خوا ژیانی پێدامەوە.
رووداو: بەلەمی دەریاوانی یاخود یارمەتییان دان و رزگاریان کردن؟
هۆزان رەزا: من نازانم، من ئەوەندە دەزانم وەک شتێک هێنرامە سەر ئاوەکە و دارێک درایە دەستم. شایەتوومانم هێنا و چاوم داخست، گوتم تەواو ژیان کۆتاییهات.
رووداو: ئەی کەی زانیتان منداڵەکانتان لە ئاوەکەدا ماونەتەوە؟
هۆزان رەزا: کە هاوسەرەکەم دەستی گرتم و رزگاری کردم، گوتم کوا منداڵەکان؟ گوتی لە دەستمان چوون. رامکردە نێو ئاوەکە، نەیانهێشت بڕۆم، نەیانهێشت بڕۆم... دەڵێ منداڵەکان رۆیشتن، با تۆش لەدەست نەدەم.
رووداو: ئێستا دۆخی تەندروستیی خۆت و هاوسەرەکەت چۆنە؟
هۆزان رەزا: باشین، بەس رۆحمان خراپە.
رووداو: کەس نەهاتووە بە دەنگتانەوە لە تورکیا؟
هۆزان رەزا: وەکو کێ؟ دکتۆر موسەنا، سوپاسی دەکەم پەیوەندی پێوە کردین. دکتۆرێکی دیکەش، ئەو دکتۆرە ناوی چی بوو؟ (هاوسەرەکەی: دکتۆر شەعبان) دکتۆر شەعبانیش ئەویش زۆر زۆر بە دەممانەوە هات، سوپاسی هەموویان دەکەم، سوپاسی هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم، راستی هەموویان بە دەممانەوە بوون.
رووداو: هیچ تیمێکی فریاگوزاری نەهات بە دەمتانەوە لەو کاتەی بەلەمەکەتان نوقم بوو؟
هۆزان رەزا: ئێمە رۆیشتین بۆ لای جەندرمە خۆمان تەسلیم کرد؛ کە پێمان گوتن یەکسەر هەموو قوەتی تورک هاتن، هەموویان بە دەممانەوە بوون. شوێنمان کەوتن پێمان دەڵێن خەمتان نەبێت، پشت بە خوای گەورە بۆتان دەدۆزینەوە، ئێوە تەنیا دووعا بکەن، ئێوە عایدی ئێمەن، ئێوە لەسەر خاکی ئێمەن ناهێڵین حەقتان بفەوتێ.
رووداو: باشە، ئەو کەسانەی کە بەڵێنیان پێدابوون، قاچاخچی یان رێبەر، ئەوان دوای ئەوە چییان کرد ئەو کارەساتەیان بەسەر ئێوەدا هێنا؟
هۆزان رەزا: بەخوا هاتە دەرەوە گوتم منداڵەکانم... رایانکرد، کەس نەیزانی چۆن رایانکرد و بۆ کوێ رۆیشتن، لە ماوەی یەک دەقەدا رایانکرد، هیچ یارمەتییان نەدا.
رووداو: دەیانناسن ئێوە؟ سکاڵاتان لەسەر تۆمار کردوون؟
هۆزان رەزا: بەڵێ بەڵێ، من وێنەکانیشم داوە و سکاڵاشم هەیە، نابێت خوێنی منداڵەکانم بەهەدەر بڕوا. من جەرگم سووتا، با کەسی تر جەرگی نەسووتێ. داوام لە حکومەتی هەرێم وایە بێت بە هانامانەوە، سەرۆکی هەرێم...
رووداو: ئێستا گرنگترین شت بۆ ئێوە چییە بۆتان بکرێت؟ دەتانەوێت حکومەتی هەرێم چیتان بۆ بکات؟
هۆزان رەزا: تیم بنێرن، هیچ نەبێ ئەوانیش بگەڕێن لەگەڵ حکومەتی تورکیادا بۆ دۆزینەوەی منداڵەکانم، بۆ ئەوەی بیانهێننەوە بۆ..
رووداو: نامەوێ زۆرت ناڕەحەتت بکەم.
هۆزان رەزا: خەڵک زۆر قسەمان پێ دەڵێن بە خوای گەورە. قەدەری خوایە، ئیتر مرۆڤ کە رۆژی تەواو بێت، رۆژێ منیش ئەمرم، چۆن دڵیان دێت لەو ئاوەدا، منداڵەکانم رۆژیان تەواو بوو چی بکەین؟ خەڵک زۆر قسەمان پێ دەڵێن، بەخوا هیچ کەس حەز بە مردنی منداڵی خۆی ناکات، بەڵام نازانم بۆ چاومان بەسترا.
رووداو: ئێستا هیچ کەس لە باڵوێزخانە هاتووەتە پێشەوە لە تورکیا تاوەکو هاوخەمتان بێت یاخود هاوکاریتان بکات؟
هۆزان رەزا: هێشتا کەس نەهاتووە، هەر خۆم و هاوسەرەکەمین، بڕیارە باوکم و خاڵم بەیانی بێن، پشت بە خوا.
رووداو: ئێستا دەتانەوێ چیتان بۆ بکرێت، داواکاریتان رووی لە کێیە؟
هۆزان رەزا: داوا دەکەم لە حکومەتی هەرێم، لە سەرۆکی هەرێم، لە قوباد تاڵەبانی، بێن بە هانامانەوە، تیم بنێرن با ئەوانیش بگەڕێن با ئەو دوو رۆڵەم بدۆزینەوە و بیانبەینەوە.
رووداو: قسەتان بۆ خەڵک چییە کە لەسەر ئەم بابەتە دەدوێن، واتە باسی ئەم بابەتە دەکەن؟
هۆزان رەزا: تەنیا دوعامان بۆ بکەن، قسەمان پێ نەڵێن، بەخوا هیچ کەس حەز بە مردنی منداڵی ناکات، بەڵام چیبکەم خوای گەورە ئەوەندە بەشی من بوو، دەبوایە بمرن، هەر دەبوایە بڕۆیشتنایە، خوای گەورە ئەوەی دابەزاند بۆ من.
رووداو: نامەوێ زیاتر ئازارت بدەم، دەزانم لە دۆخێکی دەروونیی زۆر ناڕەحەتدایت هۆزان خانم. زۆر زۆر، ئێمەش پڕ بە دڵ هاوخەمتانین، سەرەخۆشیتان لێ دەکەین، هاوخەمتانین بە راستی. ئینشائەڵڵا خوای گەورە ئەو بارە قورسەتان لەسەر سووک دەکات، خوای گەورە کارتان بۆ ئاسان دەکات.
هۆزان رەزا: تەنیا خەڵکی کوردستان با دوعامان بۆ بکەن، تەنیا دوعامان بۆ بکەن. بەس بدۆزرێنەوە سوپاسی خوا دەکەم، مردبێتن سوپاسی خوا دەکەم، من هەر سوپاسی خوا دەکەم تاقیکردنەوەی خوایە بەسەری هێناوم.
رووداو: خوای گەورە کارەکانتان رابپەڕێنێت ئینشەڵڵا، ئەو خەمەتان لەسەر سووک بکات هۆزان خانم. رێز و سڵاومان هەیە، خوای گەورە کارتان بۆ ئاسان بکات. خواتان لەگەڵ.
هۆزان رەزا: ئامین، زۆر سوپاس براکەم، خواتان لەگەڵ.

