رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی پڕۆسەی گۆڕینی زەوییە کارتەکان بۆ سەنەد، لە قۆناخێکی نوێدا 327 کارتی دیکەی زەوی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی شاوێس کرانە تاپۆ و ئێستا وێنەی تۆمارەکانیان ئامادەن.
رۆژی دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە درێژەی کارەکانی یەکەی گۆڕینی کارتی زەوی بۆ سەنەد لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە قۆناخێکی نوێدا بەشێک لە زەوییە کارتەکانی کەرتی 92ـی شاوێس، وێنەی تۆمارەکانیان تەواو کراون.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئەوەی لەم قۆناخەدا کارەکانیان تەواو بووە، 327 کارتی زەوین و ئامادەن بۆ وەرگرتنەوە.
پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، پاڵپشتە بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە 27ـی ئاداری 2024 دەرچووە؛ بڕیارەکە ئەو فەرمانبەر، پێشمەرگە و خانەنشینانە دەگرێتەوە کە پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون و زیاتر لە 8 ساڵ خزمەتیان هەیە.
رووبەری ئەو زەوییەی دەدرێتە هەر فەرمانبەرێک 200 مەتر دووجایە و پڕۆسەی وەرگرتنەکە بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی و دابەشکردنەکەش بە شێوەی تیروپشک رێکدەخرێت.


