رووداو دیجیتاڵ
لە نێو بازاڕی شارەزوور تەقە لە هاونیشـانییەک کرا و بە سەختی بریندارکرا، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.
رۆژی پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2026، موقەدەم ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: "کەمێک پێش ئێستا لە ناو بازاڕی شارۆچکەی هەڵەبجەی تازە (شارەزوور) تەقە لە هاونیشتمانییەک کرا و پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا."
ئاری لەتیف گوتی، "کوژراوەکە تەمەنی 38 ساڵە و لەگەڵ بکوژەکە پێشتر کێشەیان هەبووە، ئەمڕۆ لە نێو بازاڕ تەقەی لێکراوە و کوژراوە."
سەبارەت بە تۆمەتبارەکە، پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، هێشتا دەستگیرنەکراوە و بە گوێرەی مادەی 405 فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.

