رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، رێگە نادرێ زەویی فەرمانبەران کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت تاوەکو هەموو مامەڵە یاساییەکانی تەواو دەکرێت، هەر مامەڵەیەک پێیانەوە نایاساییە. بەرپرسێکی شارەوانی دەڵێت، ئەوان زەوی بە ناوی ئەو کەسە دەکەن کە زەوییەکەی وەرگرتووە نەوەکو کڕیار.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 07-10-2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداویش نێردراوە، رایگەیاندووە: "بە هیچ شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و زەوی کارتەکان رێگەپێدراو نییە و پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانە".
رەنجەر ئومێد، سەرپەرشتیار لە سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لای ئێمە لە شارەوانی زەوی ناگوازینەوە بۆ سەر ناوی هیچ کەسێک، جگە لەو کەسەی زەوییەکەی وەرگرتووە".
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک رێگە بە فرۆشتنی زەوییەکان دەدرێ، کە "سەرجەم مامەڵە و رێکارە یاساییەکانی تۆمارکردن و وەرگرتنی وێنەی تۆماری فەرمی و سەربەخۆ تەواو بێت، ئەگەرنا نابێت هیچ مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتنی لەسەر بکرێت. دوای تەواوبوونی رێکارەکان، زەوییەکە دەبێتە موڵکی سەربەخۆی خۆی و ئەوکات مافی کڕین و فرۆشتنی هەیە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی شارەوانیی هەولێر، ئێستا و پێش تەواوکردنی رێکارەکانی تاپۆکردن، کڕین و فرۆشتن بەو زەوییانەوە کراوە و دەکرێت کە فەرمانبەران و خانەنشینان وەریانگرتووە.
شارەوانیی هەولێر دەڵێت: "مامەڵەکردن بە زەوییەکان پێش تەواوکردنی کارەکان، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئاڵوگۆڕکردنی زەوییەکە لە نێوان چەندین دەست، لە کاتێکدا هێشتا هیچ تەرخانکردنێکی فەرمی لەلایەن شارەوانییەوە بۆ ئەو زەوییانە نەکراوە؛ بەپێی رێنماییەکان، ئەم مامەڵانە بێ بنەما و نایاسایین".
لە سەنتەری شاری هەولێر، لە کۆی 82 هەزار کەس کە مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، لە 8 قۆناخدا 55 هەزاریان زەوییان وەرگرتووە، هاوکات لە دەوروبەری هەولێر زیاتر لە 40 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە.



.jpg&w=3840&q=75)