رووداو دیجیتاڵ
دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، قایمقامیەتەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە هەڵمەتی چڕی چاودێریی بازاڕ کردووە و هۆشداری دەدەنە بازرگانان و فرۆشیاران کە بە بیانووی دۆلارەوە شتومەک گران نەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رێگەی لیژنە هاوبەشەکان و چاودێریی بازرگانییەوە، چاودێرییەکی زۆر وردی بازاڕ دەکەین؛ بەڵگەی کڕینی پێشووی شتومەکەکان دەپشکنین و بە هیچ جۆرێک رێگە نادەین ئەو کاڵایانەی بە نرخی پێشووی دۆلار کڕدراون، نرخەکانیان لەسەر هاونیشتمانییان بەرز بکرێتەوە."
هەولێر: داوای پسوولەی کڕین دەکرێت
هەروەها نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت: "لیژنەکانمان سەردانی کۆگا، کۆمپانیا و مارکێتەکان دەکەن و راستەوخۆ داوای پسوولەی کڕینی کاڵاکان دەکەن. ئەگەر بە دۆلاری کۆن کڕدرابێت، قبووڵ ناکرێت نرخەکەی زیاد بکرێت و لێپێچینەوەی توند لەگەڵ سەرپێچیکاران دەکرێت."
سەبارەت بەو کاڵایانەشی کە تازە بە دۆلاری نوێ هاوردە دەکرێن، قایمقامی هەولێر روونی کردەوە کە بەرزبوونەوەی نرخ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە هەموو عێراق روو دەدات، بەڵام "نابێت هیچ ئیستیغلالکردن و گرانکردنێکی نائاسایی تێدا بێت."
دهۆک و هەڵەبجە: چاودێریی بازاڕ چڕ دەکرێتەوە
بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک، بە رووداوی راگەیاند، دەستبەجێ دوای دەرچوونی بڕیارەکەی بەغدا، لیژنەکانی چاودێریی بازاڕیان زیاد کردووە و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی لەسەر هێڵن تاوەکو رێگە لە قۆستنەوەی دۆخەکە بگرن.
هاوکات، سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجەش بە رووداوی گوت: "هەرچەندە بازاڕی هەڵەبجە بەراورد بە شارەکانی دیکە بچووکترە، بەڵام چاودێریی بازاڕمان توندوتۆڵ کردووە. دەزانین گرانبوونی دۆلار کاریگەری لەسەر هاوردەکردن دەبێت، بەڵام رێگە نادەین هیچ فرۆشیارێک بە ئارەزووی خۆی دەستکاریی نرخەکان بکات."
ئەم رێکارانەی قایمقامیەتەکان دوای ئەوە دێن، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا نرخی فەرمیی فرۆشتنی دۆلار دەستکاری بکات، کە لە ئەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نرخە نوێیەکان بە ئەم شێوەیە دیاری کراون:
کڕینی دۆلار لە بانکی ناوەندی: 1,500 دینار بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,300 بوو).
فرۆشتن بە بانکەکان: 1,510 دینار بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,310 بوو).
فرۆشتن بە هاووڵاتییان: 1,520 دینار بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,320 دینار بوو).
.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)