رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی پێباز لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێل و چەکی ژمارەیەک راوچیدا گرت، کە دوای کوشتنی دوو ئاسک هەڵاتبوون.
هاشم عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئاگادارکردنەوەمان، یەکەیەکمان بە سەرپەرشتی لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی دارستانی پێباز گەیشتە پردی قەرەچەم."
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوە کرد، راوچییەکان دوو ئاسکیان کوشتبوو و لەگەڵ بینینی هێزەکانیان هەڵاتبوون.
هاشم عەلی گوتی، راوچییەکان ئۆتۆمبێلێک، چەک، تەقەمەنی و مۆبایلەکانیان لە شوێنی رووداوەکە جێهێشتووە.
بە گوتەی هاشم عەلی، راوچییەکان ناسراونەتەوە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.


