رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ شەو لە گوندێکی سنووری ناحیەی بەستۆرەی پارێزگای هەولێر، هاونیشتمانییەک بریندار کرا. پۆلیسی هەولێر دەڵێ، دواتر "لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا."
رۆژی دووشەممە 5-10-2026، موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ شەو لە نزیک گوندی بانەمان رووداوێک هەبوو. لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەستی پێکردووە."
بە گوتەی موقەدەم کیفاح حەسەن، شوێنەکە چۆڵەوانییە و ئەو هاونیشتمانییەش بە برینداری لەوێ دۆزراوەتەوە و دەستبەجێ گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
سەمەد عەبدولڕەحمان، برای هاونیشتمانییە کوژراوەکە بە رووداوی گوت: "سەنعان هەنارەیی لە ساڵی 1981 لەدایکبوو، ژیانی هاوژینی پێکنەهێنابوو، پیشەی کاسب بوو."
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی:"سەنعان ئەم بەرەبەیانە لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد."
سەنعان هەنارەیی لە گرتە ڤیدیۆییەکانیدا لاهوور شێخ جەنگی وەک سەرۆکی خۆی ناودەبرد. براکەی دەڵێ، "بە ساتۆر (چەقۆی گەورە) لە براکەمیان داوە."
لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵاوە، سەمەد عەبدولڕەحمان گوتی: "پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانمان ئاگادار کردوونەتەوە. گومانمان لە کەس نییە و کێشەمان لەگەڵ کەس نەبووە."




