رووداو دیجیتاڵ بڕیارە هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی واژۆی هاونیشتمانییان لە سلێمانی دەستپێبکات و سەرپەرشتیارەکەی دەڵێ، ئامانجەکە دامەزراندنی هەرێمێکە و رەتیشی دەکاتەوە ئەو کارەیان بە واتای دژایەتیکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێ. هاوکات حیزبی شیوعی کوردستان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکان گردبوونەوەی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە هەر هەوڵێکی تایبەت بە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان رێکخست. ئەمڕۆ شەممە 14ی تشرینی دووەمی 2026، تارق تاهیر، سەرپەرشتیاری هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ راگەیاندنی سنووری سلێمانی وەک هەرێمێکی سەربەخۆ، بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کاژێر 04:00ی ئێوارە، لەبەردەم باخی گشتی لە سلێمانی، هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ راگەیاندنی سلێمانی وەک هەرێمێک لەلایەن چەندین رێکخراوی مەدەنی و چالاکڤانەوە دوور لە دەستوەردانی حیزبی رادەگەیێندرێ." سەرپەرشتیاری کەمپینەکە ئاماژەی بەوە کرد کە "ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە مەدەنییە، گەڕانەوەی زیاتری متمانەی خەڵکە بە دەسەڵات؛ هاوکات، ئاسان گەیشتنی داواکاریی هاونیشتمانییانە بە بەرپرسان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە سنوورەکەدا". بنەمای یاسایی و دەستووریی هەنگاوەکە سەبارەت به رەهەندی دەستووری و یاسایی ئەم هەنگاوە، تارق تاهیر گوتی: "ئەم هەڵمەتە هیچ پەیوەندییەکی بە دژایەتیکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو وەک چۆن لە زۆرێک لە وڵاتانی فیدراڵی وەک بەریتانیا (لە چوار هەرێم پێکدێت کە خاوەن پەرلەمانی سەربەخۆن)، ئەمریکا و ئەڵمانیا هەن، دروستبوونی هەرێمێک لە نێوخۆی وڵاتێکدا دەبێتەهۆی بەهێزتربوونی قەوارەکە و نزیککردنەوەی خەڵک لە دەسەڵات." ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "بنەمای ئەم کارە لە دەستووری عێراقدا لە مادەی 119 یان مادە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە پێکهێنانی هەرێم لەلایەن پارێزگایەک یان چەند پارێزگایەکەوە جێگەی کراوەتەوە و مافێکی دەستووری و یاساییە. هەربۆیە دوای کۆکردنەوەی واژۆکان، داواکارییەکە بەفەرمی رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا و دادگەی فیدراڵی عێراق دەکرێ." هەر ئەمڕۆ شەممە، دارا سێکانیانی، ئەندامی پێشووی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "بە گوێرەی مادەی 117 و 119 لە دەستووری عێراق، هەموو پارێزگایەک دەتوانێ داوای بەهەرێمبوونی خۆی بکات، بەڵام لە دەستووری عێراقدا بە روونی باسی ئەوە نەکراوە ئایا پارێزگایەک لەنێو هەرێمێکدا چۆن دەتوانێت داوای بوونە هەرێمێکی دیکە بکات." دارا سێکانیانی گوتی، بەگوێرەی دەستوور دوو رێگەیە هەیە بۆ ئەوەی پارێزگایەک ببێتە هەرێم، کە ئەمانەن: یەکەم: پێویستە یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە داوای هەرێم بکەن. دووەم: دەبێت ٪10ی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە داوای بەهەرێمبوونی پارێزگاکەیان بکەن. سەبارەت بەوەی مادەکانی 117 و 119 لە دەستووری عێراق چۆن باسی بە هەرێمبوونی پارێزگایەک دەکەن، دارا سێکانیانی ئاماژەی بەوەکرد: "لە دەستووردا بە روونی تەنیا باسی ئەو پارێزگایانە کراوە کە لە چوارچێوەی هەرێمێکدا نین، هەربۆیە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بە هەرێمبوونی سلێمانی کە لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندایە پێویستی بە گفتوگۆیەکی یاسایی و دەستووریی چڕە و هێندە ئاسان نییە." هەر ئەمڕۆ شەممە، حیزبی شیوعیی کوردستان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەی جەماوەری بۆ رەتکردنەوەی هەر هەوڵێکی تایبەت بە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان رێکخست. حیزبی شیوعی کوردستان لە راگەیێندراوێکیشدا رایگەیاند: "قووڵکردنەوەی ململانێکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئاستێک خەریکە دوو ئیدارەیی و دوو زۆنی دروست دەبێت. هەربۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و خاوەندارێتی لە هەرێمێکی یەکگرتوو و ئازاد بکەن و دژی دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بووەستنەوە."
هەواڵە ناوخۆییەکان13-11-2026خوێندکارانی بەشە نێوخۆی زانکۆی هەولێری پزیشکی: هەفتەیەکە ئاو و کارەبامان نییە
هەواڵە ناوخۆییەکان13-11-2026ئاهەنگی دەرچوون بووە شیوەن؛ کچە خوێندکارێکی بەشی ژینگە لە هەولێر گیانی لەدەستدا