رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی کۆنەفرۆشانی شارۆچکەی رانیە کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە، زیاتر لە حەوت تیمی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەین و بەهۆی قەرەباڵخییەوە ئاستەنگ بۆ تیمەکان دروستبووە.
رۆژی شەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 9:40 خولەک لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لەناو بازاڕی لەنگە و کۆنەفرۆشانی رانیە ئاگادارکراینەوە، پێشتر ئاگرەکە کەوتبووەوە بەڵام لەو کاتەدا ئێمە ئاگادارکراین. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە سەرەتا لە دووکانێکەوە سەریهەڵداوە و تەشەنەی بۆ دووکانەکانی دیکە کردووە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، ئاگرەکە گەورەیە و زیاتر لە حەوت تیمیان لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیدان، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە. گوتیشی: "تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە و دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەستپێدەکات."
هاوکات ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو کە لە شوێنی رووداوەکەیە، گوتی، بەشێکی زۆری دووکانەکانی بازاڕەکە ئاگریان گرتووە و هەندێک لە دووکانداران هەوڵ دەدەن کەلوپەلەکانیان رزگار بکەن و بیبەنە دەرەوە. گوتیشی: "بەهۆی دووکەڵی چڕەوە ئاستی هەناسەدان دابەزیوە و لە کاتی نزیکبوونەوە لە شوێنی ئاگرەکە تەنگەنەفەسی دروست دەبێت."
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە شوێنی رووداوەکە کۆبوونەتەوە و قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبووە، بەرگریی شارستانی داوا لە خەڵک دەکات شوێنەکە چۆڵ بکەن تاوەکو رێگە بۆ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بکرێتەوە و بتوانن ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

