رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە رێگەی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک، بە "مەبەستی گرنگی دان بە سیمای شار و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان"، سەرجەم عەرەبانە و مێزەکانی سەر شەقامی ئیسکانی لادا.
رۆژی پێنجشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2026، سەنگەر محەممەد، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەمڕۆوە دەبێت 24 کاژێر شەقامەکە لە هەردوو سایدی چوون و هاتندا ئۆتۆمبێل پێیدا هاتووچۆ بکات، بۆ ئەم مەبەستەش تەواوی شەقامەکە پاککرایەوە، هێڵکاریی نوێی بۆ کرا و بە درێژایی شەقامەکەش دار و درەخت چێندران."
بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک گوتیشی: "سەرپێچی کرابووە سەر موڵکی گشتی، بۆیە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت هیچ عەرەبانە و مێزێک لەسەر شەقامەکە دابندرێت، ئەم هەنگاوەش بۆ کارئاسانیی هاتووچۆی شۆفێران و هاونیشتمانییان و دەرخستنی جوانیی شەقامەکەیە."
لەبارەی سزای سەرپێچیکارانیشەوە، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک ئاماژەی بەوە کرد، هەر کەسێک سەرپێچی بکات دەست بەسەر کەلوپەلەکانیدا دەگیرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

