رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵی 2018ـەوە وەک یەکەم خانەی بەساڵاچووان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەرگاکانی بەڕووی ئەو توێژەدا کردووەتەوە، ئێستا ماڵی "حاجی ئاهوو" لە کەلار بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ بەساڵاچووان و بێسەرپەرشتانی ناوچەکە.
بیابان نووری، بەڕێوەبەری ماڵی (حاجی ئاهوو) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەو کاتەوەی خانەکە کراوەتەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 40 بەساڵاچوو و بێسەرپەرشت لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لەو خانەیەدا ژیاون و خزمەت کراون."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای خانەکە، بیابان نووری ئاماژەی بەوە کرد: "لە ئێستادا 12 بەساڵاچوو لە خانەکە دەژین، کە هەشتیان خەڵکی خانەقین و چوار کەسەکەی دیکەیان خەڵکی قەزای کەلارن."
بەڕێوەبەری ماڵی (حاجی ئاهوو) ئاماژە بەوەش دەکات، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لە خانەکەدا بەبێ بەرامبەر پێشکەش بە بەساڵاچووان دەکرێن؛ لەوانەش دابینکردنی سێ ژەم خواردن و خواردنەوە بە شێوەیەکی بەردەوام و خۆڕایی، هەروەها تیمێکی پزیشکی بەردەوام سەردانی بەساڵاچووان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە باری تەندروستییان و پێشکەشکردنی چارەسەری پێویست.
ماڵی (حاجی ئاهوو) لە 18-12-2018 لە قەزای کەلار کرایەوە. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بنەماڵەی وەبەرهێن (هادی عەبدولڕەحمان سەرچاغ) و لە رێگەی رێکخراوێکی خێرخوازییەوە بونیاد نراوە. خانەکە بە ناوی دایکی ئەو بنەماڵە وەبەرهێنەوە ناونراوە و سەرجەم خەرجییەکانی رۆژانە لەسەر ئەرکی خۆیانە، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیش تەنیا مۆڵەتی کارکردنی پێداون و توێژەری کۆمەڵایەتییان بۆ دابین دەکات.
مەرجەکانی وەرگرتنی بەساڵاچووان
وەرگرتنی بەساڵاچووان لەم خانەیە و خانەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە و مەرجە سەرەکییەکانیش بریتین لە:
تەمەن: 60 ساڵ بەرەو سەرەوە بۆ پیاوان، 55 ساڵ بەرەو سەرەوە بۆ ژنان.
باری تەندروستی: نەبوونی نەخۆشیی گوازراوە.
رێکارەکان: پێشکەشکردنی داواکاری لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، پشکنینی توێژەری کۆمەڵایەتی و پشکنینی تەندروستی.
هەرچەندە ئەم خانانە ژینگەیەکی لەبار بۆ بەساڵاچووان دەڕەخسێنن، بەڵام وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە مانەوەی بەساڵاچوو لەنێو خێزان و ماڵی خۆیدا باشترین بژاردەیە، لەبەرئەوە هەوڵ دەدەن پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بەساڵاچووان لەگەڵ کەسوکاریان نەپچڕێت.
