رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر سیستەمێکی نوێ بۆ دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو بەسەر شۆفێرانی تەکسیدا رادەگەیێنێت؛ بەپێی سیستەمەکە، شۆفێران هەموو پێنج رۆژ جارێک دەتوانن 40 لیتر بەنزین وەربگرن.
سالار محەممەد، بەرپرسی هۆبەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی پێنجشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و شۆفێرانی تەکسی لە رێگەی هەمان کارتی ئەلیکترۆنیی پێشوویانەوە، هەموو پێنج رۆژ جارێک 40 لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراو وەردەگرن."
سەبارەت بە شوێنی وەرگرتنی بەنزینەکە، سالار محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، هیچ بەنزینخانەیەکی دیاریکراو دانەنراوە، بەڵکو سەرجەم ئەو وێستگانەی بەنزینی پاڵپشتیکراو دابەش دەکەن راسپێردراون ئەم سیستەمە پەیڕەو بکەن. گوتیشی: "ئەم رێکارە بۆ ئەوەیە شۆفێرانی تەکسی لە نێو شار، دەرەوەی شار و دەوروبەری هەولێر بە ئاسانی و لە نزیکترین وێستگە بەنزینەکەیان دەستبکەوێت."
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 75 هەزار تەکسی تۆمارکراون؛ لەو ژمارەیەش زیاتر لە 32 هەزاریان لە هەولێر، 27 هەزار لە سلێمانی و نزیکەی 15 هەزار تەکسییش لە سنووری پارێزگای دهۆک کار دەکەن.


