رووداو - رادیۆ سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو لە هەولێر رایدەگەیێنێت، راگرتنی کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدکردنی شەقامی سەرەکیی ناحیەکە کاتییە و تەنیا پەیوەندی بە بارانبارینی زۆر و دروستبوونی قوڕاوەوە هەیە؛ هاوکات دڵنیایی دەدات کە پارەی پڕۆژەکە دابینکراوە و بە 20 رۆژ تەواو دەکرێت. ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناحیەی دارەتوو بە رادیۆی رووداویان راگەیاند، دوای ماوەیەکی درێژە لە چاوەڕوانی، سەرلەنوێ کارکردنن لە شەقامەکە؛ بەجۆرێک هاوینان بەهۆی تۆز و خۆڵ و زستانانیش بەهۆی قوڕولیتەوە هاتووچۆیان پەکی کەوتووە، لە کاتێکدا شەقامەکە تەنیا قیرکردنی ماوە. ئەندازیار رەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو بە رادیۆی رووداوی گوت: "لە شەپۆلەکەی ئەم دواییەدا بڕی 122 ملیمەتر باران لە سنووری ناحیەکەمان باریوە؛ لە کاتی بوونی ئەو هەموو قوڕاوەدا لە رووی ئەندازیارییەوە ئەستەمە ئامێرەکان بتوانن تێکەڵە رابخەن یان قیر بکەن، بۆیە راگرتنەکە تەنیا بەهۆی کەشوهەوایە نەک کێشەی دارایی." سەرۆکی شارەوانی جەختی کردەوە کە بودجەی پڕۆژەکە بە تەواوەتی تەرخانکراوە و هیچ گرفتێکی نەختینەییان نییە، گوتیشی: "هەر کاتێک زەوییەکە وشک بێتەوە و کەشوهەوا لەبار بێت، بەڵێندەر دەستبەجێ دەست بە قیرکردنی دەکاتەوە و لە ماوەی 20 رۆژدا پڕۆژەی جووتسایدەکە بە تەواوی کۆتایی دێت." ئەندازیار رەوەند قادر ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای بارینی ئەو بڕە زۆرەی باران، بەهۆی ئامادەکاریی پێشوەختە و خاوێنکردنەوەی رێڕەوەکانی ئاو، دارەتوو بێ هیچ زیانێکی لافاو لە شەپۆلەکە دەرباز بووە.
هەواڵە ناوخۆییەکان11-11-2026تۆماری بڕی بارانی باریوی 46 ساڵی رابردوو سەرەتای ئەم هەفتەیە لە هەولێر شکا
هەواڵە ناوخۆییەکان11-11-2026موەلیدەکانی هەولێر: لە راوێژداین بۆ دیاریکردنی کاتی وەرگرتنی پارەی کارەبا