رووداو - رادیۆ لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندندا، بەشێک لە دایک و باوکان لە کۆمەڵگەی دۆمیزی سەر بە قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک، رووبەڕووی گرفت بوونەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی "نەبوونی جێگە"، قوتابخانەکانی سنوورەکە ئامادە نین منداڵەکانیان لە پۆلەکانی 7 و 8ی بنەڕەتیدا وەربگرن. لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو قوتابییەک مافی خوێندنی هەیە و بەدواداچوونی بەپەلە بۆ ئەم کێشەیە دەکەن. بەپێی ئەو بەدواداچوونەی لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە ئەنجام دراوە، ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوچەی دۆمیز دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن کراوەتەوە، بەڵام منداڵەکانیان لە ماڵەوە ماونەتەوە و هیچ قوتابخانەیەک ناویان تۆمار ناکات بە پاساوی ئەوەی پۆلەکان پڕ بوون و جێگەی زیادە نەماوە. هاووڵاتییەکی دانیشتووی دۆمیز لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە نەهامەتیی تۆمارکردنی ناوی کوڕەکەی کرد و رایگەیاند: "کوڕەکەم، قۆناخــی 6ـەمی بنەڕەتیی تەواو کردووە و ئێستا دەبێت بچێتە پۆلی 7ـی بنەڕەتی. سەردانی زۆربەی قوتابخانەکانی ناوچەی دۆمیزمان کردووە، لەوانەش قوتابخانەی میللەت و قوتابخانەکانی نزیک سەربازگەی کۆن، بەڵام لە هەموو شوێنێک پێمان دەڵێن جێگەمان نییە و قوتابیی نوێ وەرناگرین." ئەو باوکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کێشەیە تەنیا پەیوەندی بە منداڵەکەی ئەوەوە نییە، بەڵکو دەیان خێزانی دیکەی ناوچەکە هەمان گرفتیان هەیە و گوتی: "تەنیا کوڕی من نییە، بەڵکو خەڵکێکی زۆر لە سنووری دۆمیز و دەوروبەری منداڵەکانیان لە پۆلی 7 و 8 بەبێ جێگە ماونەتەوە. نازانین روو لە کوێ بکەین، ساڵی خوێندن دەستی پێکردووە و منداڵەکانمان لە خوێندن دادەبڕێن. داواکارین لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سێمێل و پەروەردەی دهۆک چارەسەرێکی بەپەلەمان بۆ بدۆزنەوە." لە بەرامبەر ئەم نیگەرانییانەی خەڵکدا، لایەنی پەیوەندیدار لە پارێزگای دهۆک رەتیدەکاتەوە هیچ قوتابییەک بەبێ خوێندن و جێگە لە قوتابخانەکاندا بەجێ بهێڵدرێت. نەبیل شنگالی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو، سەبارەت بەم کێشەیە گوتی: "لە دۆمیز شتی وا بوونی نییە کە قوتابی بەبێ جێگە بمێنێتەوە و لە خوێندن بێبەش بکرێت. یاسای پەروەردە روونە و هەموو قوتابییەکان دەبێت وەربگیرێن. ئەگەر لە قوتابخانەیەکیش جێگە نەبێت، بە دڵنیاییەوە لە قوتابخانەیەکی دیکەی نزیک لە خۆیان جێگەیان بۆ دەکرێتەوە." نەبیل شنگالی جەختی لەوەش کردەوە کە پەروەردەی دهۆک راستەوخۆ دەست بە بەدواداچوون دەکات لەسەر ئەم کەیسانە و گوتیشی: "من خۆم راستەوخۆ بەدواداچوون دەکەم و پەیوەندی بە پەروەردەی سێمێل و قوتابخانەکانی سنووری دۆمیزەوە دەکەم تاوەکو لە راستی و دروستیی ئەم بابەتە بکۆڵینەوە و دڵنیا بینەوە لەوەی چیدیکە هیچ منداڵێک بەبێ پۆل و کورسیی خوێندن نامێنێتەوە."
هەواڵە ناوخۆییەکان30-09-2026فەرمانبەرانی پیرمام چاوەڕێی وەرگرتنی زەوین و قایمقام هۆکاری دواکەوتنەکەی ئاشکرا دەکات