رووداو - رادیۆ فەرمانبەران و خانەنشینانی سنووری قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر، نیگەرانن لە دواکەوتنی دابەشکردنی زەوی بەسەریاندا و داوا دەکەن هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن. لە بەرامبەردا، قایمقام جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافی سەرجەم فەرمانبەران مسۆگەرە، بەڵام بەهۆی کێشەی کەمیی زەوی لە سنوورەکە، لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێر سەرقاڵی دەستنیشانکردنی شوێنێکی گونجاون. بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە کراون، ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەرانی کەرتی شارستانی، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان، پێشمەرگە و خانەنشینانی سنووری قەزای پیرمام گلەیی لەوە دەکەن کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دیکە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکردووە، بەڵام لە سنووری پیرمام دەستی پێ نەکردووە. دانیشتووانی پیرمام داوا لە قایمقامیەت و شارەوانیی قەزاکە دەکەن بە زووترین کات دەست بە رێکارەکان بکەن بۆ ئەوەی لەو مافە یاساییە بێبەش نەبن. کاروان کەریم خان، قایمقامی قەزای پیرمام لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو گوتی: "لە چوارچێوەی ئەو رێنماییانەی کە هەن، هەنگاوەکان دەگیرێنەبەر بۆ ئەوەی زەویی پێویست دابین بکرێت. ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی رێکارەکانن و لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە گفتوگۆدان لەسەر ئەو بابەتە تاوەکو بە تەواوی چارەسەر بکرێت." قایمقامی پیرمام ئاماژەی بەوە کرد، ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم پرۆسەکە لەم ناوچەیەدا، کێشەی سنوورداریی زەویی بەردەستە لە سنووری شارەوانی. "رێنمایی تایبەت هەیە دەبێ بەپێی ئەو رێنماییانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکرێت." کاروان کەریم خان، لەبارەی ئەگەری بەشنەکردنی زەوی لە سنووری قەزاکەدا رایگەیاند: "تاوتوێی ئەو بابەتە دەکرێت کە بە چ شێوەیەک زەوی دابین بکرێت. ئەگەر زەویی پێویست بە ئەندازەی ژمارەی فەرمانبەران لە سنووری پیرمام نەبێت، ئەوا بەپێی رێنماییەکان پرۆسەکە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دیکەی گونجاو لە دەرەوەی قەزاکە، ئەمەش بابەتێکە ئێستا تاوتوێ دەکرێت بۆ ئەوەی مافی فەرمانبەرانی سنووری قەزای پیرمام پارێزراو بێت."
هەواڵە ناوخۆییەکان30-09-2026دانیشتووانی دۆمیز گلەیی لە نەبوونی جێگە لە قوتابخانەکان دەکەن و پەروەردەی دهۆک وەڵام دەداتەوە