رووداو دیجیتاڵ
لە 8ـی تشرینی یەکەمەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ، چوارەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە نێوخۆییەکانی ناحیەی کانی ماسی لە سنووری قەزای ئامێدی بەڕێوەدەچێت و قایمقامی قەزاکەش دەڵێ، ئەم ساڵ بەهۆی پێشبینیی باران بارینەوە کاتی فێستیڤاڵەکەیان پێشخستووە.
رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 8، 9 و 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، فێستیڤاڵی بەرهەمە نێوخۆییەکانی ناحیەی کانی ماسی کە بە فێستیڤاڵی بەرواری باڵا بەنێوبانگە بەڕێوەدەچێت. بۆ فێستیڤاڵەکە 200 کەپر ئامادە کراون و لەو ژمارەیەش 160 کەپریان تایبەتن بە جووتیاران تاوەکو سەرجەم بەرهەمە خۆماڵییەکانی کوردستانی تێدا نمایش بکرێن، نەک تەنیا بەرهەمی پارێزگای دهۆک."
قایمقامی ئامێدی باسی لەوەش کرد، لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا چەندین چالاکیی هونەری بەڕێوەدەچن و شوێنی تایبەت بۆ کەمپەین و مانەوەی شەوانەش دابین کراوە.
سەبارەت بە گۆڕانکاری لە کاتی سازکردنی فێستیڤاڵەکە، وارشین سەلمان گوتی، ساڵانە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئەم ساڵ پێشخراوە چونکە لە ناوەڕاستی مانگدا پێشبینیی بارانبارین دەکرێت.
لەبارەی پێشبینیی هاتنی گەشتیارانیش گوتی: "پار 280 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد و چاوەڕوان دەکرێت ئەم ساڵیش ژمارەیەکی زیاتر بەشداری تێدا بکەن."
پار لە 24-10-2025 سێیەم فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا لە دهۆک دەستیپێکرد، کە پێنج رۆژ بەردەوام بوو.
بەرواری باڵا ناوچەیەکی دەوڵەمەندی کشتوکاڵییە لە باکووری پارێزگای دهۆک کە زیاتر بە سێو، هەنار، هەنگوین و ترێ بەناوبانگە.




